فەرهاد شامی: ئەوانەی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی دیمەشق بڵاودەکرێنەوە دوورن لە ڕاستی
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەیەکی گرنگی نێوان شاندێکی باڵای هێزەکانیان و بەرپرسانی حکوومەتی دیمەشقی ڕاگەیاند.
بەپێی لێدوانێکی بۆ میدیاکان، شامی ڕایگەیاند: تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی تێکەڵبوونی سەربازی و چۆنیەتی ڕێکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا.
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ، ئەم گفتوگۆیانە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوون، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە باڵاکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری وڵات لە پێشینەی کارەکان بووە.
فەرهاد شامی ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئەو زانیارییانەی ئێستا لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دەرەوەی ڕاگەیاندراوە فەرمییەکان بڵاو دەکرێنەوە، گوزارشت لە ڕاستی و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ناکەن.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، وردەکاری و ئەنجامە کۆتاییەکانی ئەم دانیشتنانە تەنیا دوای تەواوبوونی ڕاوێژەکان، بە شێوەیەکی فەرمی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.
هەسەدە داوا دەکات تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەسترێت بۆ وەرگرتنی هەر هەواڵێک کە پەیوەندی بەم پڕۆسە هەستیارەوە هەبێت.
پرسی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سووریا یەکێکە لە ئاڵۆزترین و گرنگترین دۆسیە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیی دیمەشق، لە دوای دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 و دروستبوونی هەسەدە، چەندین خولی گفتوگۆ بەڕێوەچوون، بەڵام تا ئێستا هەردوولا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر شێوازی پاراستنی تایبەتمەندییەکانی هەسەدە لەناو پێکهاتەی سەربازیی سووریادا، ئەم کۆبوونەوە نوێیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی خێرای سیاسی و سەربازیدا تێدەپەڕێت و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر چڕتر بوونەتەوە.
