سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق پلانی کارکردنی نوێ و پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکان تاوتوێ دەکات
بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی کارەکانی پەرلەمان و چالاککردنی ڕۆڵی یاسادانان و چاودێری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ هەردوو جێگرەکەی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چڕکردنەوەی دانیشتنەکان و پەلەکردن لە پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکان درا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2026، لە نێوان سەرۆکی پەرلەمان هەیبەت حەلبووسی و عەدنان فەیحان، جێگری یەکەم و فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری دووەم بەڕێوەچوو، چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کارەکانی ئەنجوومەن و کاراکردنی ڕۆڵی پەرلەمانتاران تاوتوێ کرا.
ئامادەبووان جەختیان کردەوە، پێویستە لە قۆناغی داهاتوودا پەرلەمان بە شێوەیەکی کاریگەرتر ئەرکە یاسایی و چاودێرییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە، داڕشتنی خشتەیەکی کار بوو بۆ ئەنجامدانی هەشت دانیشتنی مانگانە، هەروەها بڕیار درا لە دانیشتنی سبەی دووشەممەدا، لیژنەیەک لە سەرۆک فراکسیۆنەکان پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی پێشنیازێک پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن سەبارەت بە دابەشکردنی پەرلەمانتاران بەسەر لیژنە هەمیشەییەکاندا.
ئەم دابەشکردنە بەپێی پسپۆری، پەیڕەوی ناوخۆ و شایستەی هەڵبژاردن دەبێت، تاوەکو لیژنەکان بتوانن بە زووترین کات دەستبەکار بن.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک ناوەندی بڕیاردانی یاسایی لە وڵاتدا، بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی پشت بە لیژنە پسپۆرەکان دەبەستێت، چالاکبوونی ئەم لیژنانە و ڕێکخستنی دانیشتنەکان بە شێوەیەکی بەردەوام، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خێراکردنی پڕۆسەی پەسەندکردنی یاساکان و چاودێریکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت هەیە.
