یەکێتی بە فەرمی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕاگەیاند
یەکێتی بە فەرمی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق ڕاگەیاند و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەمی 2025، کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'فێسبووک' ڕایگەیاند، یەکێتی بە شێوەیەکی فەرمی "نزار ئامێدی" بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق کاندید کردووە.
ژیاننامە و کاری سیاسیی نزار ئامێدی:
- ناوی تەواو: نزار محەممەد سەعید محەممەد (نزار ئامێدی)
- ساڵی لەدایکبوون: 6 / 2 / 1968
- شوێنی لەدایکبوون: قەزای ئامێدی، لە پارێزگای دهۆک
- باری کۆمەڵایەتی: خێزاندارە و 4 منداڵی هەیە.
- بڕوانامەی زانستی: بەکالۆریۆس لە ئەندازیاریی میکانیک (کۆلێژی ئەندازیاری - زانکۆی مووسڵ).
- زمان: کوردی و عەرەبی.
چالاکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی:
- ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
- ئەندامی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ساڵی 2022ـەوە تا ئێستا.
- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی 2023ـەوە تا ئێستا.
- بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لە ساڵی 2024ـەوە تا ئێستا.
- کارکردن لە نووسینگەی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی 1993 تا ساڵی 2003.
ڕێڕەوی پیشەیی و پۆستە فەرمییەکان:
- ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی و هەردوو سەرۆک کۆماری پێشوو د. فوئاد مەعسووم و د. بەرهەم ساڵح، لە ساڵی 2005 تا ساڵی 2022.
- وەزیری ژینگە لە حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ساڵی 2022 تا کۆتاییی ساڵی 2024.
بەشداری و نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی:
- ئەندامی شاندی عێراق لە کۆنفرانسە عەرەبییەکاندا لە وڵاتانی میسر، جەزائیر، تونس، سعوودییە و کوێت.
- بەشداریکردن لە کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوا (COP21) لە پاریس - فەرەنسا، ساڵی 2015.
- سەرۆکی شاندی بەشداربووی عێراق لە کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوا (COP28) لە ئیمارات، ساڵی 2023.
- سەرۆکی شاندی بەشداربووی عێراق لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە لە نایرۆبی - کینیا، ساڵی 2023.
- ئەندامی شاندی سەرۆکایەتیی عێراق لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاو، کە لە شاری نیویۆرک بەڕێوەچوو.
- ئەنجامدانی چەندین سەردانی فەرمیی نێودەوڵەتی وەک وەزیری ژینگە و بەشداریکردن لە کۆنفرانس و کۆبوونەوە فەرمییەکاندا لە: (جنێڤ، واشنتن، تاران، سعوودییە، عوممان و سانت پترسبۆرگ).
- ئەندامی شاندی سەرۆکایەتی لە زۆربەی سەردانە فەرمییەکانی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی و سەرۆک کۆماران د. فوئاد مەعسووم و د. بەرهەم ساڵح.
--------------------------------------------
بڕیارە کاتژمێر 03:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەمی 2025، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دابخرێت. تا ئێستا زیاتر لە 45 کەس خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید کردووە.
لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا تەنیا یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، "موسەننا ئەمین"ـی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە. کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکەش تا ئێستا بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە.
لەبارەی ڕای پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەم، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، لە لێدوانێکدا بە شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حزبەکەی چاوەڕێی یەکێتی دەکات کە کێ بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکات، دواتر هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت. باسی لەوەش کرد، پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکەش، بە تایبەت شیعە، پێیان باشە کورد یەک کاندیدی هاوبەشی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبێت.
بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.
لە ڕۆژی چوارشەممەوە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە کراوەتەوە؛ ئەگەر ئەمڕۆ دووشەممە دەرگاکە داخرا؛ وردبینی بۆ ناوی کاندیدان دەکرێت و لیستی کۆتایی بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.
