فەرهاد ئەترووشی: دەبێت پەرلەمان لە خولی نوێدا ببێتە سەرمەشقێکی باڵای یاسادانان و چاودێری
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جەختی لەسەر پێویستیی گێڕانی ڕۆڵێکی نموونەیی لە لایەن پەرلەمانەوە کردەوە، بە شێوەیەک کە ببێتە سەرمەشق بۆ دامەزراوەکانی دیکە لە هەر دوو بواری یاسادانان و چاودێریکردندا.
یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، فەرهاد ئەمین ئەترووشی، لە نووسینگەی فەرمیی خۆی لە بەغدا، پێشوازیی لە ڕەزاق موحێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی حکوومەتی فیدراڵ کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، وەزیری گواستنەوە پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ئەترووشی کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و دەستبەکاربوونی لە ئەرکە دەستووری و نیشتمانییەکانیدا.
هاوکات لە دیدارەکەدا، ئەترووشی ڕایگەیاند: "پێویستە پەرلەمانی عێراق لەم خولە نوێیەدا ببێتە نموونەیەکی باڵا و جێگەی چاولێکردن وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری لە وڵاتدا."
جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگیی پتەوکردنی میکانیزمەکانی هاوکاری و دروستکردنی ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان، وەزارەت و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان.
هەر لەو میانەیەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی گواستنەوەی کرد لە پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوە و گەیاندن، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی پێداویستیی هاووڵاتییان بێت لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا.
لای خۆیەوە، وەزیری گواستنەوە گەشبینیی خۆی بە خولی شەشەمی پەرلەمان نیشان دا و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم خولە توانای ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە گەورەکانی هەیە، بە تایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئەزموون و شارەزاییەی کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لە کاری یاساداناندا هەیانە.
سێشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، فەرهاد ئەترووشی، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، توانی پۆستەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە و کێبڕکێیەکەی لە ڕێبوار کەریم بردەوە.
