پارێزگاری دهۆک داوا لە هاووڵاتیان دەکات باوەش بۆ گیاندارە بێپەناکان بکەنەوە

دوای شەپۆلێکی چڕی بەفربارین لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای دهۆک، پارێزگاری ئەو شارە بانگەواز ئاراستەی هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو گیاندارە کێوییانە بن کە بەهۆی سەرما و برسێتییەوە پەنایان بۆ ناوچە نیشتەجێبووەکان هێناوە. 

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەم پەیامەدا جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە بە دلۆڤانییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگەی کوردستان بکرێت.
دەڵێت: لەگەڵ داپۆشرانی زەوی بە بەفر و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەرکێکی مرۆیی دەخرێتە سەر شانی دانیشتوانی پارێزگای دهۆک بۆ پاراستنی ئەو ئاژەڵ و باڵندانەی کە توانای پەیداکردنی خواردنیان لە شاخەکاندا نەماوە، داوا لە هاووڵاتیان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان دەکات نەک تەنیا لە ڕاوکردن و ئازاردانیان دووربکەونەوە، بەڵکو ببنە سەرچاوەی دابینکردنی دانەوێڵە و ئازوقە بۆیان.

پارێزگاری دهۆک ئەم دەسپێشخەرییە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و ئایینی وەسف دەکات کە تێیدا ئاماژە بەوە کردووە، جوانی و بەهای ڕاستەقینەی مرۆڤ لە میهرەبانی و دلۆڤانیکردن بەو بوونەوەرانەدا دەردەکەوێت کە توانای بەرگریکردن لە خۆیان نییە. داوا دەکرێت هەمووان پێکەوە هاوکار بن بۆ ئەوەی ئەم وەرزە سەختە تێپەڕێت بەبێ ئەوەی زیان بە سامانی ئاژەڵیی و سروشتیی ناوچەکە بگات.
ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک بەوە ناسراوە کە لە وەرزی زستاندا بەفری زۆریان تێدا دەبارێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاژەڵە کێوییەکان وەک بزنەکێوی و جۆرە جیاوازەکانی باڵندە، بۆ دۆزینەوەی خواردن ڕوو لە نێزیک گوند و ناوەندەکانی شار بکەن.

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل