330 ملیار دینار بۆ کڕینی فڕۆکەی تایبەت بە بەرپرسان تەرخانکراوە

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕەخنەی توند لە تەرخانکردنی بڕی 330 ملیار دینار دەگرێت بۆ کڕینی فڕۆکەی تایبەت (VVIP) بۆ گواستنەوەی بەرپرسانی باڵای وڵات، لە کاتێکدا هاووڵاتییان بەدەست گرانییەوە دەناڵێنن.

دووشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2026، باسم غەرابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق نزیکەی 250 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی چوار فڕۆکەی تایبەت بە گواستنەوەی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان تەرخان کردووە، کە پێکهاتوون لە:

1-یەک فڕۆکەی جۆری (MI 171)ی نوێ.

2-دوو فڕۆکەی جۆری (Falcon X8)ی نوێ.

3-یەک فڕۆکەی جۆری (Falcon X7)ی بەکارهاتوو (مۆدێل 2010).

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "ئەم گرێبەستانە لە کاتێکدان کە هاووڵاتی بەدەست گرانیی نرخی کارتی مۆبایل و دەرمان و تێچووی پزیشکییەوە گرفتارن."
بە گوتەی غەرابی، پاساوی کڕینی ئەم فڕۆکانە لەژێر ناوی "بەرزکردنەوەی توانا و پڕچەککردن" تۆمارکراوە، بەڵام لە ڕاستیدا فڕۆکەکان بۆ مەبەستی گواستنەوەی کەسایەتییە گرنگەکان (VVIP) بەکاردەهێنرێن.

پەرلەمانتارەکە بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی دەربکەوێت ئایا بە ڕاستی عێراق پێویستی بە کڕینی ئەم فڕۆکە گرانبەهایانە هەیە یان نا.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل