"هۆكاری دوورخرانەوەی رۆبن ئامۆریم ئاشكرا دەبێت"
مانچێستەر یونایتد بەفەرمی روبن ئامۆریم راهێنەری یانەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، بەگوێرەی سەرچاوەیەكی راگەیاندنی ئینگلیزی راهێنەرە پۆرتوگالییەكە بەهۆی لێدوانەكانی دوای یارییەكەی لیدز یونایتد دووخراوەتەوە.
مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی لە بەیاننامەیەکی فەرمی بڕیاری دوورخستنەوەی روبن ئامۆریم راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەکەی راگەیاندووە، کە ئەو راهێنەرە پۆرتوگاڵییە لەوەتەی نۆڤێمبەری 2024 راهێنەرایەتی شەیتانە سوورەکان دەکات، ئەمەش لە كاتێكدایە ئامۆریم وەرزی رابردوو مان یونایتدی گەیاندە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ.
مانچیستەر یونایتد لە بەیاننامەکەی رایگەیاندووە، دارێن فلێچەر ئەستێرەی پێشووی یانەکەی بە کاتی لە شوێنی ئامرۆیم بەردەوام دەبێت و رۆژی چوارشەممە لە یاریی بەرامبەر بێرنلی لەسەر کورسی راهێنەرایەتی یانەکە دادەنیشێت.
ئامرۆیم لە ماوەی 420 رۆژدا لە 63 یاری راهێنەرایەتی مان یونایتدی کرد و رێژەی سەرکەوتنی لەگەڵ یانەکە تەنیا ٪36 بوو، 25 بردنەوەی بەدەستهێنا و لە 23 یارییش تووشکست بوو.
پێگەی تۆك سپۆرتسی ئینگلیزی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە لێدوانەكانی ئامۆریم بەتایبەتی دوای یارییەكەیان بەرامبەر لیدز یونایتد هۆكاری دوورخرانەوەی بووە، چونكە لێدوانەكانی جۆرێك لە بێمنەتی و بە كەم سەیركردنی كارگێری مان یونایتدی پێوەدیاربووە.
دەقی لێدوانەكانی ئامۆریم
بە بڕوای من ئاستێکی بەرزمان پێشکەش کرد، بەراورد بە پێشوو زۆر شتمان باشتر بوو، ئێمە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی یارییەکەمان کردبوو، بەربەست بووین لە بەردەم هێرشەکانی لیدز یونایتد، لە رووبەڕووبوونەوەی یاریزان بەرامبەر یاریزان زۆر باش بووین.
یاریزانەکان ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد، بەشێوەیەکی زۆر باش کۆنتڕۆڵی تۆپمان کردبوو، بەراورد بە تیپی بەرامبەر ئێمە دەرفەتی زیاتری گۆڵکردنمان هەبوو.
هەست دەکەم ئێوە زانیارییەکانتان زۆر بە باشی پێدەگات، بەڵام هیوادارم واز لەوە بێنم، بەڵام من هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی ببمە بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر یونایتد نەوەک راهێنەری مانچێستەر یونایتد، دەزانم من ناوم تۆخێل نییە و ناوم کۆنتی و مۆرینیۆ نییە، بەڵام بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر یونایتدم و تاوەکو 18 مانگیش هەروا بەردەوام دەبم، بەلایەنی کەم تاوەکو بڕیاری دوورخستنەوەم دەدرێت هەر لێرە دەمێنمەوە دەست لەکارناکێشمەوە، تەواو با ئەمە یەکلایی ببێتەوە، من دەست لەکارناکێشمەوە تاوەکو کەسێک نەیەتە جێگای من.
