ترەمپ: سەرۆکی کۆڵۆمبیا پیاوێکی نەخۆشە و زۆر لە پۆستەکەیدا نامێنێتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، جارێکی دیکە ئاگری گرژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەمەریکای لاتین خۆشکردەوە و هێرشی کردە سەر گوستاڤۆ پێترۆ، هاوتا کۆڵۆمبییەکەی.
ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا، پێترۆی بە "پیاوێکی نەخۆش" ناوزەد کرد و گوتی: "کۆڵۆمبیا لەلایەن پیاوێکی نەخۆشەوە بەڕێوەدەبرێت، زۆریش لەوێ نامێنێتەوە." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا.
ترەمپ تەنیا بە کۆڵۆمبیاوە نەوەستا، بەڵکو هۆشداری دایە مەکسیک و گوتی: "دەبێت مەکسیک کارەکانی ڕێکبخاتەوە، چونکە پێویستە شتێک لەبارەی ئەو وڵاتەوە بکەین." سەبارەت بە کوباش، گوتی وڵاتەکە بەرەو ڕووخان دەچێت و پێویست بە دەستێوەردانی سەربازی ناکات.
سەرۆکی ئەمەریکا تۆمەتی ئاڕاستەی پێترۆ کرد و ڕایگەیاند: "سەرۆکی کۆڵۆمبیا کۆکاین بەرهەم دەهێنێت و دەینێرێت بۆ ئەمەریکا، بۆیە دەبێت زۆر وریای خۆی بێت." پێشتریش ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو پێترۆ دەبێتە "ئامانجی داهاتوو" لە هەڵمەتی وڵاتەکەی دژی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان.
لای خۆیەوە، گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە پلاتفۆرمی ئێکس وەڵامی دایەوە و ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی مادورۆی بە "ڕفاندنێکی نایاسایی و پەڵەیەکی ڕەش" لە مێژووی ئەمەریکای باشوور وەسف کرد.
پێترۆ ڕەخنەی لە بۆردومانکردنی کاراکاس گرت و گوتی: "ئەم کارەی واشنتن تەنانەت ناتانیاهۆ، هیتلەر، فرانکۆ و سالازاریش نەیانکردووە." هەروەها داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ تاوتێکردنی ئەو دەستدرێژییە و داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد هاوپەیمانییەک دژی ئەم جۆرە هەنگاوانە پێکبهێنن.
پەیوەندییەکانی واشنتن و بۆگۆتا لەو کاتەوە تێکچوو کە ئیدارەی ترەمپ هاوکارییە داراییەکانی بۆ کۆڵۆمبیا کەمکردەوە و ناوی ئەو وڵاتەی لە لیستی هاوبەشە باوەڕپێکراوەکانی شەڕی دژی ماددە هۆشبەرەکان دەرهێنا. ئێستا بە دەستگیرکردنی مادورۆ و ڕەوانەکردنی بۆ نیویۆرک، ناوچەکە کەوتووەتە ناو قۆناغێکی نوێی پێکدادانی سیاسی و دیپلۆماسییەوە.
