ڕۆدریگێز داوای گفتوگۆ دەکات و ترەمپیش لە هەڕەشەکانی بەردەوامە

لە دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە، دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی ئەنجامدا. لە کاتێکدا کاراکاس داوای "پێکەوەژیانی ئاشتیانە" دەکات، دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە هەڕەشە توندەکانی و ڕایدەگەیەنێت کە ئەمەریکا چاوی لە نەوتی ئەو وڵاتەیە.

دێلسی ڕۆدریگێز لە کۆشکی سەرۆکایەتی میرافلۆریس و لە تەنیشت وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆوە ڕایگەیاند: "ئەولەویەتی ئێمە دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و ڕێزدارە لەگەڵ ئەمەریکا لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا." ئەو ڕوو لە ترەمپ گوتی: "گەلەکەمان شایەنی ئاشتییە نەک جەنگ، داوا دەکەین دوور لە جەنگە دەرەکییەکان بژین."

دادگای باڵای ڤەنزوێلا ئەرکی سەرۆکایەتی وڵاتی بۆ ماوەی 90 ڕۆژ بەخشییە ڕۆدریگێز. هاوکات ڤلادیمێر پادرینۆ، وەزیری بەرگریی، دانپێدانانی سوپای بۆ سەرۆکایەتییە نوێیەکە ڕاگەیاند و جەختی کردەوە؛ هێزە چەکدارەکان لە ئامادەباشییەکی باشدان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات.

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، تۆنێکی توندی بەرامبەر سەرکردایەتی نوێی ڤەنزوێلا گرتەبەر و گوتی: "ئێمە ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین، ئەگەر پابەند نەبن، جارێکی دیکە لێیان دەدەینەوە." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد؛ ڕۆدریگێز باجێکی زۆر دەدات ئەگەر بە خواستی واشنتن کار نەکات، و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی دەیەوێت دەستی بە تەواوی "سەرچاوە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا" بگات.

سەبارەت بەو هێرشە سەربازییەی بووە هۆی دەستگیرکردنی مادورۆ، ترەمپ ئاشکرای کرد؛ لە کاتی هێرشەکەدا "زۆرێک لە کوباییەکان" کوژراون، بەڵام باری تەندروستیی کارمەندە بریندارەکانی ئەمەریکا جێگیرە. هەروەها گوتیشی سوپای ئەمەریکا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی "شەپۆلی دووەمی هێرشەکان" ئەگەر پێویست بکات.

ترەمپ لە کۆتایی لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد؛ ئێستا ئەمەریکا زیاتر سەرنجی لەسەر چاکسازییە لە ڤەنزوێلا نەک ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کە ئەوەیان بۆ کاتێکی دیکە دەمێنێتەوە.

ڕۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر، پایتەختی ڤەنزوێلایان بۆردومان کرد هەورەها هێرشێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل