عێراق بووەتە بازاڕێکی سەرەکی بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆراکیەکانی تورکیا
یەکێتیی پیشەسازی خۆراک و خواردنەوە لە تورکیا 'TGDF' ڕایگەیاند، عێراق لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیی و خۆراک و خواردنەوەی تورکیا
ئەمرۆ دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2026، یەکێتیی پیشەسازی خۆراک و خواردنەوە لە تورکیا داتای ئەو وڵاتانەی بڵاوکردەوە کە زۆرترین بەرهەمی خۆراکیان لە تورکیا هاوردەکردووە، لە داتاکەدا هاتووە "هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵیی و خۆراک و خواردنەوەی تورکیا بۆ عێراق لە 11 مانگی ڕابردووی ساڵی 2025، بەبەهای 2.99 ملیار دۆلار بووە، بەمەش لە ڕیزبەندی یەکەم دێت و پێش هەریەکە لە ئەڵمانیا و ئەمەریکا کەوتەوە، کە هەناردەی تورکیا بۆ ئەڵمانیا بە بەهای 1.84 ملیار دۆلار بووە و بۆ ئەمەریکاش 1.63 ملیار دۆلار بووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، هەناردەی تورکیا بۆ عێراق بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی 2024، بەڕێژەی 3.01% دابەزیوە، ئەم دابەزینەش ڕەنگدانەوەی ئاڵنگارییەکانی بازاڕەکانی ناوچەکەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا بازاڕی عێراق بووەتە شوێنێکی سەرەکی بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆراکییەکانی تورکیا، کە دەرگا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2026 دەکاتەوە.
