سەرۆکی کۆڵۆمبیا بۆ ترەمپ: واز لە ناوزڕاندنم بێنە

وێنەی ئەرشیفی سەرۆکی کۆلۆمبیا، گۆستاڤۆ پێترۆ
وێنەی ئەرشیفی سەرۆکی کۆلۆمبیا، گۆستاڤۆ پێترۆ

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2026، گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، وەڵامی تۆمەت و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە و ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە پەیوەندیی بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەکانەوە هەیە.

هەروەها ڕوو لە ترەمپ وتی: "بەڕێز ترەمپ، واز لە زڕاندنی ناوم بێنە." سەرۆکی کۆڵۆمبیا بە توندی ڕەخنەی لە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا گرت لە ناوچەکەدا، بەتایبەت دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای بە "ڕفاندنێکی نایاسایی" وەسف کرد.

پێترۆ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند؛ ناوم لە هیچ تۆمارێکی دادوەریدا نییە، کە پەیوەندیی بە بازرگانی ماددەی هۆشبەرەوە هەبێت، بۆیە واز لە ناوم زڕاندنم بێنە بەڕێز ترەمپ.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە کۆڵۆمبیا هاوشێوەی ئەوەی ڤەنزوێلا، بە "بیرۆکەیەکی باش" وەسف کرد. 

ترەمپ پێترۆی بە قاچاخکردنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو خاکی ئەمەریکا تۆمەتبار کرد و هۆشداری دا کە "بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکەیدا نامێنێتەوە." هەروەها دوێنێ یەکشەممە لە لێدوانێکدا، هاوتا کۆڵۆمبییەکەی بە "پیاوێکی نەخۆش و ئالوودەی کۆکاین" ناوبرد.

گرژییەکان گەیشتوونەتە لووتکە دوای ئەوەی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەیان دەستگیرکرد و بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان گواستیانەوە، تا لە نیویۆرک بە تۆمەتی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دادگایی بکرێن. ئێستا ترەمپ سەرنجی خستووەتە سەر کۆڵۆمبیا وەک ناوەندێکی گەورەی بەرهەمهێنانی کۆکاین لە جیهاندا دەبینرێت.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ بۆ خولی دووەم، پەیوەندییەکانی واشنتن و بۆگۆتا بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسەکانی باج، سیاسەتی کۆچبەری و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەردەوام لە پاشەکشەدایە و ئەم پێکدادانە زارەکییەی دواییش ئاماژەیە بۆ قووڵتربوونەوەی قەیرانە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل