هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان
هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان و کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق تاوتوێ دەکەن.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەمی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پێشوازی لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی پارتی دەکات؛ فراکسیۆنی یەکێتیش لە لایەن هەرێم کەمال ئاغاوە سەرۆکایەتیی دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، هەڵبژاردنی کاندیدێکی هاوبەشی کوردە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق. هاوکات، هەردوولا تاوتوێی پلانی هاوبەشیی داهاتوویان بۆ کاری پەرلەمان دەکەن.
پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق، گەیشتە تەلاری پەرلەمان بۆ پێشکەشکردنی سیڤییەکەی و دەیەوێت جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستەکە کاندید بکاتەوە.
کوردستان24 زانیویەتی، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە (03ـی کانوونی دووەم)ـی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بڕیاردراوە، شاندێکی دانوستانکاری حزبەکە، لەبارەی پرسی سەرۆک کۆمار، دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان بکات، تا کورد یەک کاندیدی هاوبەشی بۆ ئەو پۆستە هەبێت.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەم، پەرلەمانی عێراق دووەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی پێشکەشکردنی سیڤی بۆ کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەرنەچووە.
بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.
لە ڕۆژی چوارشەممەوە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە کراوەتەوە؛ ئەگەر ئەمڕۆ دووشەممە دەرگاکە داخرا؛ وردبینی بۆ ناوی کاندیدان دەکرێت و لیستی کۆتایی بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.
پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەناو پەرلەمانی عێراق بە چەند هەنگاوێکدا تێدەپەڕێت:
1. پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.
2. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.
3. گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.
4. سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.
ئەم پۆستە کە بەپێی نەریتی سیاسی، پشکی کوردە، نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەکات و پارێزگاری لە دەستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات. ماوەی سەرۆکایەتی چوار ساڵە و تەنها بۆ یەک خولی دیکە نوێ دەکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.
