لە مێرگەسۆر ئافرەتێک نانەواخانەیەکی داناوە

لە شارۆچکەی مێرگەسۆر، خانمێکی گەنج بە ناوی "لانە واحید حەمەدئەمین" توانیویەتی مۆدێلێکی نوێی کارکردنی ئافرەتان نیشان بدات و ببێتە نموونەیەک بۆ ئیرادە و سەرکەوتن.

لانە دوای چوار ساڵ کارکردن لە بواری دروستکردنی شیرەمەنی، ئێستا هەشت مانگە نانەواخانەیەکی تایبەت بەخۆی داناوە و توانیویەتی سەرنجی کڕیارانی دەڤەرەکە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

نانەواخانەکەی لانە تەنیا نانێکی ئاسایی ناداتە دەست کڕیاران، بەڵکو سێ جۆری جیاواز لە کولێرە و نان ئامادە دەکات کە بریتین لە نانی (بە پەنیر، بە ڕەشکە، و بە کونجی). لانە دەڵێت: "نهێنی کارەکەم لە هەویرەکەدایە؛ جۆرێکە کە ئەگەر نانەکە بمێنێتەوەش کوالێتییەکەی تێناچێت و هەر بە تامیی دەمێنێتەوە."

کاری نانەواخانە، کە بەهۆی گەرمای فڕن و ماندووبوونی زۆرەوە زیاتر وەک کارێکی پیاوانە دەبینرێت، بۆ لانە نەبووەتە ڕێگر. ئەو ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە کارەکە لە هاوین و زستاندا زەحمەتیی خۆی هەیە، بەڵام پاڵپشتیی بەردەوامی هاوسەرەکەی و براکانی بوونەتە هاندەرێکی گەورە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و نیشانی بدات  ئافرەت دەتوانێت لە هەر بوارێکدا سەرکەوتوو بێت.

ئەم پڕۆژەیە تەنیا بژێوی بۆ خێزانەکەی لانە دابین نەکردووە، بەڵکو توانیویەتی هەلی کار بۆ سێ کەسی دیکە بڕەخسێنێت. یەکێک لە کارمەندەکانی نانەواخانەکە خوێندکاری زانکۆیە و لەم ڕێگەیەوە خەرجییەکانی خوێندنی دابین دەکات، ئەمەش ڕەهەندێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی بە پڕۆژەکە بەخشیوە.

لانە سێ خاڵ وەک کلیلی سەرکەوتنی کارەکەی دیاری دەکات: "پشتواستن بە خودا، پاکوخاوێنییەکی بێوێنە، و ڕەزامەندی کڕیاران." ئەو دەڵێت بە سنگێکی فراوانەوە گوێ لە پێشنیاز و گلەییەکانی خەڵک دەگرێت و هەمیشە هەوڵی باشترکردنی کارەکەی دەدات.

ئەم خانمە دەستڕەنگینەی مێرگەسۆر ئێستا نەک هەر وەک خاوەنکارێک، بەڵکو وەک هێمایەکی بەهێز بۆ بەشداریی ئابووریی ئافرەتان لە ناوچەکەدا دەبینرێت و پڕۆژەکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە گەشەکردنە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل