گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب ڕاگیران
ڕۆژی سێشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2026، دەسەڵاتدارانی سووریا بڕیاریان دا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب ڕابگرن.
ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بەردەوامیی پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەتی کاربەڕێکەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو شارەکەدا دێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی و گواستنەوەی ئاسمانی کە ئاژانسی فەرمیی سانا بڵاویکردووەتەوە، گەشتەکان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ڕاگیراون.
هەروەها بڕیار دراوە سەرجەم ئەو گەشتانەی بڕیار بوو لە حەلەب بنیشنەوە یان لەوێوە دەست پێ بکەن، بگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق، ئەم ڕێکارە وەک هەنگاوێکی پارێزگاری لە سەلامەتیی گەشتیاران و هێڵە ئاسمانییەکان گیراوەتە بەر.
داخستنی فڕۆکەخانەی حەلەب لە کاتێکدایە کە ئێستا هێزەکانی سووپای حکوومەتی کاربەڕێکەری سووریا هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و دانیشتووانی کوردی شاری حەلەب لە باکووری سووریا، ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە کوژراو و برینداری لە ڕیزەکانی هەردوولا و هاووڵاتیانی مەدەنیش لێکەوتووەتەوە، بووەتە هۆی پەککەوتنی ژیانی ئاسایی و مەترسی بۆ سەر دامەزراوە ستراتیژییەکانی شارەکە، پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان نیشانەی چڕیی گرژییەکانە لە ناوچەکەدا و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە تا ئێستا ئەنجامی نەبووە.
