بایدن زۆرترین مووچەی خانەنشینیی لە مێژووی ئەمەریکادا هەیە

جۆ بایدن
جۆ بایدن

بەپێی نوێترین بەدواداچوونە داراییەکان، جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، مووچەیەکی خانەنشینیی کە پێشتر نەبووە، لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا وەردەگرێت،داهاتی ساڵانەی خانەنشینییەکەی بایدن نەک هەر لە هەموو سەرۆکەکانی پێش خۆی زیاترە، بەڵکو لەو مووچە فەرمییەشی تێپەڕاندووە کە لە کاتی بوونی لە کۆشکی سپی وەریگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی نیشتمانی بۆ باجدەران، جۆ بایدن کە تەمەنی 83 ساڵە، ساڵانە بڕی 417 هەزار دۆلار وەک مووچەی خانەنشینی لە پارەی باجدەران وەردەگرێت، ئەم بڕە پارەیە لە کاتێکدایە کە مووچەی فەرمیی سەرۆکی ئەمریکا 400 هەزار دۆلارە، ئەمەش بایدن دەکاتە یەکەم سەرۆک لە مێژوودا کە مووچەی خانەنشینییەکەی لە مووچەی کارەکەی زیاتر بێت،بۆ نموونە، ئەم مووچەیە دوو هێندەی ئەو بڕە پارەیەیە کە باراک ئۆباما دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی وەریدەگرێت.

هۆکاری ئەم داهاتە بەرزە بۆ پۆستە جیاوازەکانی بایدن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ سیناتۆر بووە، دواتر پۆستی جێگری سەرۆک و دواجاریش سەرۆکایەتی ئەمەریکای وەرگرتووە. 

یاساکانی ئەمەریکا ڕێگەی پێ دەدەن چەندین مووچەی خانەنشینی جیاواز کۆبکاتەوە، کە بریتین لە خانەنشینی سەرۆکایەتی و خانەنشینی پەرلەمانتاران،  جگە لەم مووچەیە، بایدن بەپێی بودجەی ساڵی 2026، بڕی ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە بۆ خەرجییەکانی نووسینگە و کارمەندەکانی، کە تەنها 727 هەزار دۆلاری بۆ کرێی نووسینگەکەی دەچێت، ئەوەش بەرزترین تێچووی نووسینگەیە لە نێوان هەموو سەرۆکەکانی پێشوودا.

ئەم ئیمتیازە داراییانە لە ناوخۆی ئەمەریکادا ڕەخنەی توندی لێ گیراوە و هەوڵێکی یاسایی لە ئارادایە بۆ کەمکردنەوەی مووچەی خانەنشینی سەرۆکەکان بۆ 200 هەزار دۆلار و بڕینی خەرجییەکانی نووسینگە و گەشتەکانیان، هەرچەندە لە ساڵی 2016 پڕۆژەیاسایەکی هاوشێوە لە کۆنگرێس پەسەند کرا، بەڵام باراک ئۆباما مافی ڤیتۆی بەکارهێنا و ڕێگری لێ کرد.

 سیستەمی خانەنشینی ئەندامانی کۆنگرێسیش بە هەمان شێوە تێچوویەکی زۆری هەیە و ساڵانە 38 ملیۆن دۆلار لەسەر باجدەران دەکەوێت.

یاسای سەرۆکەکانی پێشوو کە لە ساڵی 1958 دەرچووە، ئامانجی پاراستنی شکۆی پۆستی سەرۆکایەتییە لە ڕێگەی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ سەرۆکەکان دوای جێهێشتنی دەسەڵات، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووەکانی نووسینگە و کۆبوونەوەی چەندین مووچەی جیاواز لە لایەن هەندێک بەرپرسەوە، ئێستا گەنگەشەیەکی گەورە لە ئەمەریکا دروست بووە سەبارەت بە دادپەروەری لە دابەشکردنی پارەی گشتیدا، بەتایبەت کاتێک داهاتی خانەنشینی بەرپرسێکی باڵا زۆر زیاتر بێت لە داهاتی هاووڵاتییەکی ئاسایی یان تەنانەت مووچەی فەرمیی پۆستە باڵاکانیش.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل