ئیسرائیل و سووریا لەسەر پێکهێنانی ژوورێکی هەماهەنگی هاوبەش ڕێککەوتن

ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2026،، بە چاودێری ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و سووریا لەسەر دامەزراندنی ژوورێکی پەیوەندی هاوبەش ڕێککەوتن. 

ئامانجی سەرەکی ئەم میکانیزمە نوێیە هەماهەنگیکردنە لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری و کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات کە وەک وەرچەرخانێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ناوچەکەدا دەبینرێت.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم ڕێککەوتنە دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا هاتووە.

 ژوورە هاوبەشەکە ئەرکی ئاسانکاری بۆ پەیوەندی بەردەوام، پەرەپێدانی هەماهەنگی دیپلۆماسی و دۆزینەوەی دەرفەتی بازرگانی لە ئەستۆ دەبێت، هەروەها ئەم دامەزراوەیە دەبێتە سەکۆیەک بۆ چارەسەرکردنی خێرای ناکۆکییەکان و ڕێگری لە دروستبوونی هەر تێگەیشتنێکی هەڵە لەسەر سنوورەکان.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە، دوای چەندین مانگ وەستان، گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سووریا دەستیان پێکردووەتەوە، ئیسرائیل لەم قۆناغەدا گرنگییەکی تایبەت بە دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکانی و پاراستنی کەمینەی درووز لە ناو خاکی سووریادا دەدات. 

لایەنی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەش کردووە، گەشبینن بەوەی ئەم هەماهەنگییە ببێتە هۆی سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.

لە بەرانبەردا، لایەنی سووریا ئەم دەستپێشخەرییە بە هەلێکی مێژوویی بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی وەسف دەکات. بەرپرسانی سووریا ئاماژەیان بەوە کردووە، دەستپێشخەرییەکە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکات، هاوکات دیمەشق مەرجی ئەوەی داناوە کە بۆ هەر پێشکەوتنێکی ستراتیژی، پێویستە خشتەیەکی کاتی دیاریکراو و پابەندکەر هەبێت بۆ کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ پشت هێڵەکانی پێش 8ی کانوونی یەکەم.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل