سبەی هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازەی سنووری کێلێ دەستپێدەکاتەوە
ئاراس ئەمین، پەیامنیڕی کوردستان24 ئاشکرای دەکات، دوای 11 ڕۆژ لە وەستانی هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەروازەی سنوری کێلێ، بڕیارە سبەی سێشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2026، دەروازەکە بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاریدا بکرێتەوە.
هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو ئاستەنگیانەی بەفر لەهەردوو دیوی سنورەکە دروستی کردبوون زۆرن ، بۆیە سبەینێ تەنیا هاتوچۆی گەشتیاری ئاسایی دەکرێتەوە و هەوڵمان داوە بۆ دووسبەی، واتە ڕۆژی چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، هاتوچۆی بازرگانیش لەدەروازە سنوریەکە ئاسایی بکرێتەوە .
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بەشێوەیەک دوای چەند ساڵ لەنێو سەنتەری شارەکان بەفر باری و بووە جێی خۆشحاڵی هاووڵاتییان.
ئەمە سەرباری ئەوەی، ئەو ڕێژە بارانەی ئەم زستانە تا ئێستا باریووە، نزیکەی دوو هێندە زیاتری کۆی پارە، کە وای کردووە زۆرینەی بەنداوەکان سەرڕێژبن، ئەمەش کاریگەریی دەکاتە سەر ئاوی ژێر زەوی لە کوردستان، هەروەها بووژانەوەی کشتوکاڵی ناوچەکە و مەڕوماڵاتی ناوچەکەش، بۆیە کە چاوەڕێ دەکرێت شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفر هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، ئەم پێشبینیانە جووتیاران و مەڕداران و تەواوی خەڵکی کوردستانی دڵخۆشکردووە کە ئیدی مەترسی وشکە ساڵی کۆتایی دێت و زەوی کوردستان بەو ڕێژە زۆرەی باران و بەفرە، جارێکی دیکە دبووژێتەوە.
