وەزارەتی بەرگریی سووریا: سەرجەم بنکەکانی هەسەدە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکەینە ئامانج
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشدار دەداتە دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب و ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم پێگەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو ناوچانەدا دەبنە ئامانجی ڕەوای سەربازی سوپای سووریا.
سوپای سووریا، بانگەشەی ئەوە دەکات ئەم بڕیارە دوای ئەوە هاتووە کە هەسەدە ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازیی بە ئاڕاستەی گەڕەکەکانی حەلەب دەستپێکردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوپای سووریا داوا لە هاووڵاتییانی مەدەنی نیشتەجێی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکات، بە مەبەستی پاراستنی گیانیان دەستبەجێ لە بارەگا و خاڵە سەربازییەکانی هەسەدە دووربکەونەوە.
هاوکات بۆ دەرچوونی هاووڵاتییان لەو ناوچانە، سوپا کردنەوەی دوو ڕێڕەوی مرۆیی ئارامی ڕاگەیاندووە، کە بریتین لە، دەروازەی عەوارز و شەقامی زهوور.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم ڕێڕەوانە تەنها تاوەکو کاتژمێر3:00 پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کراوەیی دەمێننەوە.
هاوکات دامەزراوەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، بە شێوەیەکی کاتی جموجۆڵی نیشتنەوە و فڕینیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب ڕاگرت، ئەمەش بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی لە نێوان هێزەکانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و بەنی زەید لە حەلەب بووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بەردەوامی گرژییە سەربازییەکانەوە، بۆ هەمان هۆکار دەوامی قوتابخانەکان لە شاری حەلەب بۆ ئەمڕۆ ڕاگیراوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، ئاماری زیانە گیانییەکان بەهۆی تۆپبارانی هەڕەمەکی بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا شەش کەس کوژراون، کە لە نێوانیاندا منداڵێک و سێ ئافرەت هەن، جگە لە کوژرانی چەکدارێکی وەزارەتی بەرگریی سووریا.