گەڕەک و خانووە کۆنەکانی هەولێر لە لەناوچوون دەپارێزرێن

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ئەوەی تەواوی گەڕەک و خانووە کۆنەکانی هەولێر لە لەناوچوون بپارێزرێن لە داهاتوودا سەرجەمیان بە دیکۆمێنت دەکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، نادر بابەکر، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان، کار لەسەر ئەوە دەکات گرنگی بە پرۆژە خۆماڵییەکان بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش کار لەسەر ئەوە دەکرێت سەرجەم گەڕەک و خانووە کۆنەکان و  مزگەوت و قوتابخانە و شوێنەوارییە دێرینەکانی هەولێر بە دیکۆمێنت بکرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر گوتی: سەرەتا ژمارەی هەموویان وەردەگیرێت، دواتر بەشێوەیەکی ئەندازەیی سەیریان دەکرێت و زانیاری و وردەکاری تەواو لە کتێبێکدا کۆدەکرێنەوە و بە دیکۆمێنت دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە لەناوچوون بپارێزرێن، وەکو سەرچاوە و زانیاریش سوودی لێ وەربگیرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لیژنەیەک بۆ ئەم پرۆسەیە پێکدەهێندرێت و دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون کۆبوونەوەی لەسەر دەکرێت و میکانیزمێک دیاری دەکرێت.

لە هەولێر زیاتر لە دوو هەزار خانووی دێرین هەن، مێژووی هەندێکیان بۆ زیاتر لە دوو سەدە دەگەڕێتەوە، جگە لە خانوو، ژمارەیەک گەڕەک و مزگەوت و حەمام و قوتابخانەی زۆر دێرین هەن، وەک شارستانییەکی ئەو شارە تەماشا دەکرێن.

قەڵای هەولێر، سێ گەڕەکی کۆن و دێرینی هەیە، وەکو: گەڕەکی سەرا، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەڵات و وەک گوتراوە، ماڵی بنەماڵە ناودارەکانی ئەو شارەی لێ بووە و خانووەکان بەشێوەیەکی زۆر مۆدێرنی ئەوسا دروستکران و نەخشە  نیگاریان لەسەر هەبووە،  هەروەها گەڕەکی تەکیە، دەکەوێتە بەشی باکووری قەڵات و گەڕەکی تۆپخانە، دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوا، شوێنی نیشتەجێبوونی کاسبکاران و خەڵکی ئاسایی بووە، هەروەها گەڕەکی خانەقا و عەرەبان و تەعجیل و سەیداوە و تەیراوە، لە گەڕە کۆنەکانی ئەو شارەن.

هەروەها ژمارەیەک مزگەوت هەن لەو شارە مێژوویان بۆ چەند سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، وەکو: مزگەوتی قەڵات، مزگەوتی گەورەی هەولێر، مزگەوتی مەلا ئەفەندی و مزگەوتی شێخی چۆلی و مزگەوتی خانەقا.

گەڕەکی عەرەبان، وێنە: شۆڕش هەرکی-کوردستان24

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل