پشکی کۆمپانیاکانی نەوت لە وۆڵ ستریت دوای ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا بەرزبوونەوە

بورسەی نیویۆرک هەفتەی نوێی بازرگانیی خۆی بە بەرزبوونەوە دەستپێکرد، دوای ئەوەی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد بە نیازە ڕێگە بە کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمەریکا بدات وەبەرهێنان لە یەدەگە گەورەکانی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا بکەن.

 ئەم بڕیارە دەستبەجێ دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە هات.

لەگەڵ دەستپێکی مامەڵەکان لە بازاڕی وۆڵ ستریت، پێوەرە سەرەکییەکانی پشک بەرزبوونەوە.

 پێوەری داو جۆنز بە ڕێژەی 0.18% بەرزبووەوە، لە کاتێکدا پێوەری ناسداک گەشەکردنێکی بەرچاوی تۆمار کرد و گەیشتە 0.92%، هەروەها پێوەری ستاندەرد ئاند پۆرز 500 کە گوزارشت لە پشکی 500 کۆمپانیای گەورە دەکات، بە ڕێژەی 0.53% ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد.

 ئەم گەشبینییەی بازاڕ دوای ئەوە دێت کە وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن کۆمپانیا گەورەکانی نەوت جارێکی دیکە دەستیان بە کێڵگە دەوڵەمەندەکانی ڤەنزوێلا بگاتەوە.

ڤەنزوێلا خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی نەوتی خاوە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا و ململانێیە سیاسییەکانی سەردەمی نیکۆلاس مادۆرۆ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردبوو، گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی ئەم دواییە و دەستگیرکردنی مادورۆ، وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ کۆمپانیاکانی وزەی ئەمەریکا دەبینرێت تا دووبارە پەرە بە کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە بدەن و هاوسەنگییەک بۆ بازاڕی وزەی جیهانی بگێڕنەوە، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای پشکەکانیان لە بازاڕە داراییەکاندا هەبووە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل