سوپای سووریا دانیشتووانی مەدەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بە ئامانج دەگرێت
وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی کاتیی سووریا، وێڕای هەبوونی ڕێککەوتنی پێشوەختە و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گفتوگۆ، بژاردەی شەڕی هەڵبژارد و شەڕی قڕکردنی لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند، "وەزارەتی بەرگریی سووریا، شەڕی لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ڕاگەیاند، کە پڕە لە دانیشتووانی مەدەنی.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی بەرگریی شەڕی کۆمەڵکوژی لە دژی کورد ڕادەگەیەنێت، ئەوانەی کە بەدەست ستەمی ڕژێمی پێشووەوە گرفتاربوون، کە زۆربەی دانیشتوانی ئەم گەڕەکە خەڵکی عەفرینن و بەزۆر ئاوارە کراون.
ئیلهام باسی لەوەشکرد، ئەم دوو گەڕەکە لەژێر گەمارۆیەکی توندی هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریدا بوون، سەرەڕای پابەندبوونی کورد بە ڕێککەوتنی 1ـی نیسانەوە، بەڵام لایەنەی بەرامبەر پابەند نەبووە. وێڕای پەیوەندییە بەردەوامەکانمان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ، بەڵام وەزارەتی بەرگری گفتوگۆکان ڕەتدەکاتەوە.
ئیلهام داوا لە بەرپرسانی حکوومەت دەکات، بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بەو ڕووداوانە هەڵبگرن و ڕێگای گونجاو ئاقڵانە بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ، دووربکەنەوە و لە جەنگ و شەڕ، ئەوەی سوورییەکان لە جەنگەکاندا چێژتویانە بەسە، گوتیشی، داوا لە سوورییەکان دەکەین دووربکەونەوە لەم ڕێگایانە و دەنگی حەق بەرزبکەنەوە و جەنگ ڕەتبکەنەوە.