وشکەساڵی و خراپیی بەڕێوەبردنی ئاو، هەزاران گوندی ئێرانیان چۆڵ کردووە

وشکەساڵیی بەردەوام و لەناوچوونی سەرچاوە ئاوییە سروشتییەکان، گوندەکانی ئێران چۆڵ دەکەن و دانیشتووانەکەی ناچار دەکات بۆ شارەکان کۆچ بکەن و ببنە پەنابەرانی ژینگەیی. 

سێشەممە، 06 کانوونی دووەم، 2026، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' لە ڕاپۆرتێکدا، نووسیویەتی " لە سەرانسەری ئێراندا هەزاران گوند بەهۆی وشکەساڵی و وشکبوونی زۆنگاوەکانەوە چۆڵ بوون، ژمارەیەکی بەرچاو لە گوندەکانی دەوروبەری زۆنگاوی ساڵحییە و هاموون بە تەواوەتی چۆڵ کراون."

 عەبدولکەریم حسێنزادە، جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە بێبەشەکان، پێشتر ڕایگەیاند "لە کۆی 69 هەزار گوندی وڵات، گوندی وڵات، تەنیا 38 هەزار گوند ئاوەدانن  و 31 هەزار گوند بە تەواوەتی چۆڵ کراون." 

حسێنزادە، جەختی لەوەش کردەوە "بە گوێرەی ئامارەکان لە ساڵی 1976ـەوە تا ئێستا گەشەکردنی دانیشتوانی گوند و شارەکان پێچەوانە بووەتەوە، لە ڕابردوودا 70%ـی دانیشتوان لە گوندەکان و 30% لە شارەکان بوون، بەڵام ئێستا ئەم ڕێژەیە پێچەوانە بووەتەوە و ئێمە ڕووبەڕووی کۆچێکی بەرفراوانی گوندنشینان بووینەتەوە."

عەلی ئەرواحی، پسپۆڕی بەڕێوەبردنی سیستەمی ژینگەیی زۆنگاوەکان، دەڵێت: وشکبوونی زۆنگاوەکان بە کردەیی زنجیرەی بژێوی گوندەکانی دەوروبەری دەپچڕێنێت، زۆنگاوەکان تەنها ڕووبەرێکی ئاوی نین، بەڵکوو هاوکات، ڕێکخەری کەشوهەوای ناوچەکە، سەرچاوەی ئاوی کشتوکاڵ، لەوەڕگەیەک بۆ ئاژەڵان، سەرچاوەیەک بۆ ڕاوەماسی و تەنانەت بە بەشێک لە ناسنامەی کولتووریی کۆمەڵگە هەژمار دەکرێن.

ئەرواحی، گوتیشی: کاتێک زۆنگاوێک وشک دەبێت، بە کردەیی کشتوکاڵی دەوروبەری ئەو زۆنگاوەش لەناو دەچێت. بەپێی بەڵگە مەیدانییەکان و ئەو توێژینەوانەی کردوومانە، وشکبوونی زۆنگاوەکانی هۆرۆلعەزیم لە خوزستان، دەریاچەی ورمێ، گاوخونی لە ئەسفەهان، بەختەگان و تەشت لە پارێزگای شیراز، زۆنگاوی هامون لە سیستان و بەلووچستان و تەنانەت زۆنگاوی میانکالە لە هەندێک قۆناغدا، زۆرترین کاریگەرییان لەسەر کۆچی گوندەکانی دەوروبەری خۆیان داناوە، لەم ناوچانەدا، هاوکات لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاوی زۆنگاوەکان، گوندەکانی سنووری زۆنگاوەکانیش چۆڵ دەکرێن و دانیشتووانەکەی بەرەو شارەکان کۆچ دەکەن.

پسپۆڕی بەڕێوەبردنی سیستەمی ژینگەیی زۆنگاوەکان، سەبارەت بە دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کۆچی ناچاریی گوندنشینان بۆ شارەکان ڕایگەیاند "کۆچی ناچاریی کاریگەریی زیاتری لە گواستنەوەی دانیشتوان هەیە، لەوانە دەتوانین ئاماژە بە پەراوێزنشینی و هەژاریی بکەین، جگە لەوەش، لێکترازانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان، لەناوچوونی کولتوور و نەریتە خۆماڵی و ناوچەییەکان، لەدەستچوونی دەرفەتی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەو ناوچانە، زیادبوونی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان و هەستی پەراوێزخراوی، بەشێکی دیکەن لە دەرئەنجامەکانی کۆچی  ناچاریی گوندنشینەکانن.

 ئەرواحی، خەجتی لەوەش کردەوە "کۆچی ناچاریی دژایەتیی کولتووری لە نێوان گوندنشینان و دانیشتووانی شارەکاندا دروست دەکات؛ ئەم دژایەتییە کولتوورییە، دەبێتە سەرچاوەی هەندێک کێشە، یان بابەتی کۆمەڵایەتی. لە ڕاستیدا ئەو کۆچبەرانە بەگشتی، دۆخی ئابوورییان باش نییە، ئەمەش دەتوانێت تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بکات و هەندێک جار جۆرێکی دیکە لە پێکدادانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لێ دەکەوێتەوە."

پسپۆڕی بەڕێوەبردنی سیستەمی ژینگەیی زۆنگاوەکان، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: جگە لە وشکەساڵی، خراپیی بەڕێوبردنی سیاسەتی ئاو و دروستکردنی بێبەرنامە و زۆریی بەنداوەکان و گۆڕینی ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو، بەکارهێنانی ناڕێکی ئاو بۆ ئاودێریی باخەکان، هۆیەکی کاریگەری وشکبوونی زۆنگاوەکان و کۆچی ناچاریی گوندنشینەکان و لەناوچوونی ڕووبەرێکی بەرفراوانی کشتوکاڵن. ئەمەش بە ئاشکرا لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ و زۆنگاوی بەختەگان، دەرکەوتووە. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل