سزایەکی نوێ بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاش دەرچوو

دەمیرتاش بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆک کۆماری تورکیا سزادرا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 06ـی کانوونی دووەمی 2026، دادگای چواردەیەمی سزای قورسی مێرسین، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار"، سزای یەک ساڵ و 5 مانگ و 15 ڕۆژ زیندانیکردنی بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەرکرد.

دەمیرتاش ئێستا لە زیندانی ئەدیرنە بەندکراوە، بەهۆی "بیانووی ئەمنی" ڕێگەی پێنەدرا بەشداریی دانیشتنەکەی مێرسین بکات و تەنیا پارێزەرانی ئامادە بوون. بەپێی بڕیارەکە، ناوبراو لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2016 لە شارەکانی مێرسین و ئامەد "سووکایەتی بە سەرۆک کۆمار" کردووە. 

پارێزەرانی دەمیرتاش داوای کاتی زیاتریان کرد بۆ ئامادەکردنی بەرگرییەکانیان دژی ڕای داواکاری گشتی، بەڵام دادوەر بە پاساوی پێدانی کاتی پێویست لە ڕابردوودا، داواکەی ڕەتکردنەوە. 

لە بەرانبەردا پارێزەران ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئاماژەیان بە پێشێلکردنی مافی "دادگاییکردنی دادپەروەرانە" دا، تەنانەت داوای گۆڕینی دادوەریان کرد، بەڵام ئەمەشیان قبووڵ نەکرا.

سەڵاحەددین دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016ـەوە لە زیندانی ئەدیرنە ڕاگیراوە و ڕووبەڕووی چەندان دۆسیەی جیاواز بووەتەوە. 

گرنگترین و نوێترین پێشهات لە دۆسیەکانیدا، بڕیاری دادگا بوو لە دۆسیەی ناسراو بە "دۆسیەی کۆبانی" لە مانگی ئایاری 2024، تێیدا سزای 42 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

 وێڕای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا (ECHR) چەند جارێک داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کردووە و دۆسیەکانی بە "پەیامی سیاسی" ناوبردووە، بەڵام حکوومەتی تورکیا پابەندی ئەو بڕیارانە نەبووە. 

ئەم سزایە نوێیە لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا مشتومڕی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا سەریهەڵدابوو، بەڵام بەردەوامیی سزاکان دژی سیاسەتمەدارانی کورد، گومانی لەسەر نیازپاکیی پڕۆسەکە دروستکردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل