باخچەلی: بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەرکەوێت
سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەی(مەهەپە) ڕایگەیاند: تورکیایەکی بێ شەڕ و ئاڵۆزی هەنگاو بە هەنگاو خەریکە دێتە دی و هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی.
سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاند: تورکیایەکی بێ شەڕ و ئاڵۆزی هەنگاو بە هەنگاو خەریکە دێتە دی، دەرفەت بە هیچ کەسێک نادەین پرۆسەکە تێکبدات، بە توندی لە بەرانبەر ئەو کەسانەدا دەوەستینەوە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی پرۆسەکە پەک بخەن.
باخچەلی گوتی: پێداگرین لە گەیشتن بە تورکیایەکی بێ شەڕ و ئاڵۆزی و ئیرادەیەکی بەهێز و بێوچانمان هەیە لە بەرگریکردن بە یەکگرتوویی و هاوسەرنگی و برایەتی، بە ئارامییەوە بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئامانج بگات.
یەکشەممە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بناری چیای قەندیل و بە بەشداریی 25 چەکدار بەڕێوە چووە؛ سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە)، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەنگاوێکی نوێی کردەیی پارتەکەی لە بارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕاگەیاند.
هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی کۆی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاریدا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە دوورگەی ئیمراڵی.
لە کۆمیسیۆنەکەدا 32دەنگی بەڵێ، 3 دەنگی بێلایەن و 2 دەنگی نەخێر هەبوون.
کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 05ـی ئابی 2025، یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کە تایبەت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نوێی ئاشتی دەستیپێکرد.
کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.
هەینی11ـی تەممووزی 2025، گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.
