67 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 116 ملیار دینار لە هەولێر جێبەجێکراون
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاماری پڕۆژە و چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بە جێبەجێکردنی 67 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەکاندا دەکات.
ئەم پڕۆژانە کە بە تێچووی 116 ملیار دینار جێبەجێ کراون، بەشێکی گرنگن لە پلانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی پایتەخت و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتیان.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، کەرتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە لە ساڵی 2025دا لە پێشینەی کارەکان بووە.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕووبەری ملیۆنێک مەتر دووجا کاری کردنەوەی شەقامی نوێ ئەنجامدراوە، هاوکات 260 هەزار مەتر دووجا لە شەقامەکان بە تەواوی قیڕتاو کراون، ئەم هەنگاوانە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ئاسانکاری لە هاتوچۆی ناو شاردا هەبووە.
جگە لە پڕۆژە نوێیەکان، شارەوانیی هەولێر گرنگییەکی زۆری بە نۆژەنکردنەوەی شەقامە کۆنەکان داوە، بۆ ئەم مەبەستە، بڕی 12 هەزار تۆن قیر بەرهەمهێنراوە کە لە چاککردنەوە و پڕکردنەوەی چاڵ و درزەکانی ڕووبەری 60 هەزار مەتر دووجا لە شەقامە ناوخۆییەکاندا بەکارهێنراوە.
بەرپرسانی شارەوانی جەخت دەکەنەوە لەوەی، کارەکانیان لێرەدا ناوەستێت و لە چوارچێوەی پلانی نوێی ساڵدا، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە تەواوی سنوورەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بەردەوامییان دەبێت.
شاری هەولێر وەک ناوەندی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی فراوانبوونێکی خێرای دانیشتوان و ڕووبەر بووەتەوە، ئەم پەرەسەندنە پێویستییەکی زۆری بە پەرەپێدانی بەردەوامی ژێرخان، بەتایبەت لە بواری شەقام و ئاوەڕۆ هەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی شارەوانییەکانەوە هەوڵ دەدات بە تەرخانکردنی بودجەی تایبەت و سوودوەرگرتن لە داهاتی ناوخۆ، سیمایەکی شارستانی بە پایتەخت ببەخشێت و کێشە خزمەتگوزارییەکانی گەڕەکە نوێیەکان و ناوەندی شار چارەسەر بکات.
