ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان چڕکردەوە
سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانی لە ئەنجامی هێرشە نوێیەکانی بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو ئەندامەی حزبوڵایان کردووەتە ئامانج یەکێکیان "ئەندازیار" بووە. بەگوێرەی بانگەشەی سوپای ئیسرائیل، ئەو دوو کەسە سەرقاڵی "دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا" بوون لە ناوچەکەدا.
هەر لە چوارچێوەی ئەم هێرشانەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل باڵەخانەیەکی سێ نهۆمییان لە ناوچەی پیشەسازی "غازیە" لە نزیک شاری "سیدۆن" کردە ئامانج. ئەم ناوچەیە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە بەیرووتی پایتەختەوە دوورە و بە یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی کەنار دەریا هەژمار دەکرێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان پشتڕاستی کردەوە؛ لە ئەنجامی بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی کفەردوونینە لە ناوچەی بینت جبەیل لە باشووری لوبنان، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لیژنەی چاودێریکردنی ئاگربەست کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.
