زێلێنسکی: پلانی گەرەنتی ئاسایشی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا "نزیکە ئامادەبێت"

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ڕایگەیاند، ڕەشنووسی پلانێک کە گەرەنتی ئاسایشی ئەمەریکا بۆ وڵاتەکەی دەکات دەخاتە ڕوو، ئاماژەی بەوەکردووە،"بە کردەیی ئامادەیە" بۆ ئەوەی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بکرێت بۆ پەسەندکردنی.

پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: بەڵگەنامەی دوولایەنە سەبارەت بە گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا بە کردەوە ئامادەیە لە بەرزترین ئاستدا بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی پێبهێنرێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پۆستەکەیدا دوایین هێرشەکانی ڕووسیای بۆ سەر کەرتەکانی کارەبا و گەرمکەرەوە و ژێرخانی ئاوی ئۆکرانیا ئیدانە کرد، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کەس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بێ کارەبا و گەرمکەرەوە ماونەتەوە.

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتن لەگەڵ مۆسکۆ قسە دەکات سەبارەت بە ئامادەیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان بۆیە تاوەکو ئەو کاتە چاوەڕوانی وەڵامی ڕووسیا دەکەن، هاوکات جەختی لەوەشکردووەتەوە کە بەڵگەنامەی گەرەنتی ئەمنی ئامادەیە بۆ ئەوەی سەرکردەکان واژۆ بکەن.

زێلێنسکی لە پۆستەکەیدا ئەوەشی نووسیووە: "بە هیچ شێوەیەک پاساوێکی سەربازی نییە بۆ ئەم جۆرە لێدانانەی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا، ئەمە کردەوەیەکی ناڕەوا و دژ بە مرۆڤایەتییە چونکە لە ئەنجامدا خەڵک لە زستاندا بێ کارەبا و گەرمکەرەوە دەبن".

زێلێنسکی گوتویەتی: "پرۆسەی دیپلۆماسی بەردەوام بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ، هاوکات نابێت ئەمە کاریگەری لەسەر دابینکردنی سیستەم و کەرەستەی بەرگری ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا هەبێت".

قسەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیرێکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند:"زیاتر لە یەک ملیۆن ماڵ" لە ناوچەی دنیپرۆپترۆڤسک لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا بێ ئاو و کارەبا بوون، دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لە شەوێکدا ژێرخانی وزەیان کردە ئامانج.

لەمبارەیەوە ئۆلێکسی کولێبا جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا، لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاند، "کارەکانی چاککردنەوە لە ناوچەی دنیپرۆپترۆڤسک بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکانی گەرمکردنەوە و ئاو و کارەبا بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن بەشداربوو".

جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کە تاوەکو ساڵی 2026 درێژەی کێشاوە، لەم قۆناغەدا زیاتر چڕبووەتەوە لەسەر بەکارهێنانی درۆن و مووشەکی دوورهاوێژ بۆ لێدانی ژێرخانی ئابووری و سەربازی و کەرتی وزە.

 لە کاتێکدا کیێڤ هەوڵ دەدات تواناکانی ڕووسیا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ بەرەکانی جەنگ پەکبخات، مۆسکۆش ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان تۆمەتبار دەکات.

 ئەم ململانێیە وای کردووە هەردوولا بەردەوام جەخت لەسەر پاراستنی مەدەنییەکان بکەنەوە بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی سزای یاسایی و تۆمەتی تاوانی جەنگ نەبنەوە.