هاوپەیمانی مەسیحی پەیامێک بۆ ڕای گشتی جیهان دەنێرێت
هاوپەیمانی مەسیحی بەیاننامەیەکی بەپەلە بۆ ڕای گشتی جیهان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی دەنێرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، هاوپەیمانی مەسیحی بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێزدییەکانی حەلەب و ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هاوپەیمانییەکە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو پێشهاتە مەترسیدارانە دەکات کە شاری حەلەب بەخۆوە دەبینێت، بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە)، کە تیایدا سەدان خێزانی ئێزیدی نیشتەجێی ئەو ناوچانە بانگەوازێکی بەپەلەیان ڕاگەیاندووە و هۆشداری دەدەن لەو مەترسییە گەورانەی کە هەڕەشە لە بوونیان دەکات، بەهۆی کۆچی زۆرەملێ، گەمارۆدان و بۆردومانی هەڕەمەکی بۆ سەر گەڕەکە نیشتەجێبووەکان.
لە بەیاننامەکەدا، هاوپەیمانی مەسیحی ڕایگەیادووە، بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە هەزار و 200 خێزانی ئێزیدی ڕووبەڕووی بارودۆخێکی مرۆیی کارەساتبار بوونەتەوە، لەگەڵ زیادبوونی نیشانەکان بۆ ئەگەری ڕوودانی پێشێلکاری بەرفراوان کە بگاتە ئاستی تاوانی جەنگ یان پاکتاوی ڕەگەزی، لە سایەی نەبوونی پاراستن و نەبوونی ڕێڕەوی ئارام.
هاوپەیمانی مەسیحی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە سەرووی هەمووشیانەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، یەکێتی ئەوروپا، کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بەپەلە دەستوەردان بکەن لەپێناو، ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بۆردومانی هەڕەمەکی لەناو گەڕەکە نیشتەجێبووەکاندا، هەروەها دابینکردنی ڕێڕەوی مرۆیی ئارام بۆ گواستنەوەی مەدەنییە گەمارۆدراوەکان و فشارێکی دیپلۆماسی جدی لەسەر لایەنە ناکۆکەکان بۆ ڕاگرتنی پێکدادانە چەکدارییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ناردنی تیمێکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بێلایەن بۆ بەدۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان و زامنکردنی پاراستنی خێزانە ئێزیدییەکان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر سیناریۆیەکی هاوشێوەی جینۆساید دەکات.
هەر لەم بەیاننامەیەدا، هاوپەیمانی مەسیحی، هۆشداری لە بەردەوامبوونی تێکچوونی دۆخی مرۆیی دەدات و پێی وایە دەبێتە هۆی، شەپۆلی نوێی ئاوارەیی و کۆچبەری، هەڵوەشانەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، بڵاوبوونەوەی پشێوی و توندڕەوی، هەروەها هەڕەشە لەسەر سەقامگیری ناوچەکە.
دەشڵێت: دوپاتی دەکەینەوە کە هەر بە ئامانجگرتنێکی مەدەنییەکان بەهۆی ناسنامەی ئاینی یان نەتەوەیییان، بە تاوان دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت.
هاوپەیمانی مەسیحی هاوسۆزی تەواوی خۆی بۆ خێزانە ئێزیدییە گەمارۆدراوەکان دووپات کردووەتەوە و نیگەرانی قووڵی خۆی لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو دەربریووە.
هەروەها، دەستخۆشی لە هەڵوێستی مرۆیی ڕوونی سەرۆک مەسعود بارزانی کردووە لە بەیاننامەکەی دواییدا، کە جەختی لەوە کردووەتەوە، نابێت جیاوازییە سیاسییەکان بکرێنە بیانوو بۆ خستنە مەترسیی ژیانی مەدەنییەکان یان ئەنجامدانی پاکتاوی ڕەگەزی.
هاوپەیمانی مەسیحی داواکارییەکەی بۆ هەموو لایەنە سورییەکان نوێ دەکاتەوە بۆ پابەندبوون بە، بژاردەی دیالۆگ و ڕێزگرتن لە مافی هەموو پێکهاتەکان، هەروەها دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی.
هاوپەیمانی مەسیحی لەم ساتە هەستیارەدا دەڵێت: خێزانە ئێزیدییەکان ڕزگار بکەن پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت، بۆردومان و گەمارۆ دەستبەجێ ڕابگرن، هەروەها مەدەنییەکان لە مەترسی جینۆساید بپارێزن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەڵێت: کات خەریکە تەواو دەبێت، مەترسییەکە ڕوو لە زیادبوونە، و ویژدانی مرۆیی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدایە، خوشک و برا ئێزیدییەکانمان پێش دە ساڵ ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە بەدەستی داعش و هێشتا برینەکانیان ساڕێژ نەبووە، نابێت جیهان تەنها تەماشاکەر بێت لە کاتێکدا گەلێکی ئاشتیخواز لە ڕەگ و ڕیشەوە لە مەترسی لە ناوچوون دایە.