ئەمەریکا لە سندوقی سەوزی کەشوهەوا دەکشێتەوە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەیان دەستبەجێ لە سندوقی کەشوهەوای سەوزی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکشێتەوە و پارەدان بە 66 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دیکە ڕادەگرێت.
پێنجەشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، یاداشتێکی واژۆ کرد کە کشانەوەی ئەمەریکا لە 66 ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەوانەی لە بواری ژینگە و کەشوهەوا کاردەکەن ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی کۆشکی سپیدا هاتووە، یاداشتنامەی سەرۆکایەتی سەرجەم وەزارەت و دەزگاکانی جێبەجێکردنی ئەمەریکا ڕادەسپێرێت کە بەشداریکردن و پارەدان بە 35 ڕێکخراوی دەرەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها 31 دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕابگرن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە،"سندوقی سەوزی کەشوهەوایان ئاگادارکردووەتەوە کە وڵاتەکەیان دەستبەجێ لە سندوقەکە دەکشێتەوە و دەستبەرداری هەموو ئەو پلە و پۆستانە دەبن کە لەو ڕێکخراوەدا پێیاندراوە.
لای خۆیەوە سکۆت بایسنێت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، ڕاخنەی لە ڕێکخراوی "سندوقی سەوزی کەشوهەوا" گرت و بە ڕێکخراوێکی بێباک ناویدەبات، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ڕێکخراوەکە دژایەتی بەکارهێنانی هەندێک لە جۆرەکانی وزە دەکات لە گەشەی ئابووری و کەمکردنەوەی هەژاری لە جیهاندا، ئەمەش لەگەڵ ڕەهەندی سیاسی و ئابووری ئێمە یەکناگرێتەوە و نامانەوێت بەوجۆرە لەگەڵ ئەم ڕیکخراوە بەردەوام بین.
سکۆت بایسنێت گوتی،"چیتر ئەمەریکا بودجەی ڕێکخراوە بێباکەکانی وەک سندوقی سەوزی کەشوهەوا نادات، لە کاتێکدا ئامانجەکانیان پێچەوانەی ئەو ڕاستییەن کە وزەی گونجاو و متمانەپێکراو پێویستە بۆ گەشەی ئابووری و کەمکردنەوەی هەژاری".
سندوقی سەوزی کەشوهەوا لە ساڵی 2010 بەپێی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا وەک میکانیزمێکی دارایی کارا دامەزراوە بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی تازەپێگەیشتو بۆ نەهێشتن یان لانیکەم کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
بارەگای سەرەکی سندوقەکە لە شاری ئینچۆن لە کۆریای باشوورە، لەلایەن دەستەیەکی 24 ئەندامەوە بەڕێوەدەبرێت هەروەها لەلایەن سکرتاریەتێکەوە پشتگیری دەکرێت.