ئاسایشی حەلەب: هاووڵاتییان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماونەتەوە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕایدەگەیەنێت، بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەر یەک ڕووبەڕووی پەلاماری چڕی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بوونەتەوە، شەڕ و پێکدادانی سەخت لە گەڕەکی ئەشرەفییە بەردەوامە و هێزەکانی حکوومەت چەکی قورس دژی ناوچە مەدەنییەکان بەکار دەهێنن.

پێجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لە ڕاگەیەنراوێکدا وردەکاریی دۆخی گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە)ـی ئاشکرا کرد، کە ماوەی سێ ڕۆژە ڕووبەڕووی هێرشی چڕی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا بوونەتەوە.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەریەک درێژە بە بەرگرییەکی بەهێز دەدەن لە دژی ئەو دەستدرێژییە سەربازییانەی دەکرێتە سەر گەڕەکە کوردییەکان، هێرشەکان بە بەکارهێنانی تانک و چەکی قورس بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێن، بەڵام هێزەکان توانیویانە ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکان بکەن.

سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە لەم ساتانەدا دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفییە بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانێکی توند و خوێناوی.

ئاسایشی حەلەب ڕوونی کردەوە: "هێزەکانمان بەشێوەیەکی ڕێکخراو و پتەو وەڵامی هەوڵەکانی پێشڕەویی گرووپە دەستدرێژیکارەکان دەدەنەوە و بەرگرییەکی قارەمانانە تۆمار دەکەن."

هاوکات ئاشکرای کرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ئەنقەست ژێرخانی مەدەنیی گەڕەکەکانیان کردووەتە ئامانج. لەم چوارچێوەیەدا، "نەخۆشخانەی خالید فەجر" بۆ جاری دووەم بۆردومان کراوە.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی بۆردومانی چڕی گەڕەکەکانەوە، وێرانکارییەکی بەرفراوان ڕووی داوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، "ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی مەدەنی هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە."

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەشڵێت: ئەم پەرەسەندنە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ توندکردنەوەی گەمارۆی سەر هەردوو گەڕەکەکە و بەردەوامیی سووڕانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاسمانی ناوچەکەدا، کە ئەمەش مەترسییەکان لەسەر ژیانی دانیشتووان زیاد کردووە و دۆخەکەی بەرەو کارەساتێکی مرۆیی گەورە بردووە.

ماوەی سێ ڕۆژە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە. بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارە بوونە، هەروەها  13 هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و 64ـی دیکەش بریندار بوونە.