باڵیۆزی کەنەدا داوا ده‌كات به‌ گفتوگۆ كێشه‌كانی حه‌له‌ب چاره‌ بكرێن

باڵیۆزی کەنەدا لە سووریا و لوبنان، لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی حەلەب نیگەرانە و داوا لە لایەنەکان دەکات بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارە بکەن.

پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی کەنەدا لە سووریا و لوبنان ڕایگەیاند، زۆر نیگەرانن لە شەڕ و ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی حەلەب، کە زیانێکی زۆری بە خەڵکی سڤیل گەیاندووە.

ئاماژەی بەوەش دا، دەبێت بە زووترین کات گرژییەکان راگیرێن، خەڵکی سڤیل بپارێزێن و گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستپێبکاتەوە.

ماوەی سێ ڕۆژە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە. بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارە بوونە، هەروەها  13 هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و 64ـی دیکەش بریندار بوونە.