ئاسایشی حەلەب: دیاریکردنی نەخۆشخانەیەک وەک ئامانجی بۆردوومان بەڵگەی تاوانی جەنگە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب هۆشداری دەدەن لە بڵاوکردنەوەی نەخشەیەکی سەربازی لەلایەن حکوومەتی دیمەشقەوە کە تێیدا نەخۆشخانەیەکی مەدەنی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود وەک ئامانج دیاری کردووە و ڕایدەگەیەنن، ئەم کردەوەیە دانپێدانانێکی ئاشکرایە بە پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگی تەواو.

هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ی حەلەب، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بۆ ڕای گشتی ڕایگەیاندوە، ئەو دامەزراوەیەی ناوی لێنراوە وەزارەتی بەرگری لە حکوومەتی دیمەشق، نەخشەیەکی نوێی بڵاو کردووەتەوە کە گوایە ئەو شوێنانە دیاری دەکات کە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بۆردوومان دەکرێن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو نەخشەیە نەخۆشخانەی مەدەنیی خالید فەجری لەخۆگرتووە، کە لە دوێنێوە چوار جار لەسەریەک ڕووبەڕووی تۆپباران بووەتەوە.

ئاسایشی حەلەب جەخت دەکاتەوە کە دانانی ناوەندێکی پزیشکیی مەدەنی لەسەر نەخشەی ئامانجە سەربازییەکان، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر نییەتی تاوانکاریی پێشوەختە و بە تاوانی جەنگی تەواو و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی دادەنرێت، کە بە هەموو شێوەیەک بەئامانجگرتنی ناوەندە پزیشکییەکان قەدەغە دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم نەخشەیە خۆی لە خۆیدا بەڵگەی تاوانبارکردنی ڕوونی حکوومەتی دیمەشق و پاشکۆکانیەتی. هێزەکانی ئاسایش بەرپرسیارێتی تەواوی هەر زیانێک کە بەر هاووڵاتییان یان ناوەندە پزیشکییەکان بکەوێت دەخەنە ئەستۆی حکوومەتی دیمەشق و ڕایدەگەیەنن کە ئەمە بەڵگەیەکی یاساییە بۆ ڕای گشتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پلانی پێشوەختە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی.

سوپای عەرەبی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشدارییەک ئاراستەی دانیشتووانی گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب کرد.

لە هۆشدارییەکەدا، سوپای سووریا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە لە نزیک ناوچەی دیاریکراو بۆ ئامانجگرتن نیشتەجێن، دەستبەجێ شوێنەکانیان چۆڵ بکەن و دووربکەونەوە بۆ پاراستنی گیانیان.