عەلەوی و درووز: پشتیوانیی تەواوی کوردین و داوای فیدراڵی دەکەین

لە دوو هەڵوێستی هاوتەریبدا دژی هێرشەکانی سەر حەلەب، هەردوو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی و سەرۆکایەتیی ڕۆحانیی درووز، وێڕای هۆشداریدان لە مەترسیی پاکتاوی نەژادی و 'گۆڕینی دیمۆگرافی لەلایەن حکوومەتی دیمەشقەوە، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ گەلی کورد دووپات کردەوە و داوای سیستەمێکی لامەرکەزیی فیدراڵی و دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکەن.

هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا و مەهجەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە سایەی ئەو پێشێلکارییە مەترسیدار و خێرایانەی گۆڕەپانی سووریا بەخۆیەوەی دەبینێت، لەوانە گرتنی هەڕەمەکی، کوشتن، سووتاندن و بەدیلگرتن، وێڕای ئەو هێرشە تاوانکارییە دڕندانەیەی کراوەتە سەر عەلەوییەکان، کورد، درووز و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، جەخت دەکەینەوە کە ئەوەی ڕوودەدات ڕووداوی پچڕپچڕ یان پێشێلکاریی کاتی نین، بەڵکوو شێوازێکی ڕێکخراو و مەترسیدارن لە توندوتیژی، تیرۆر و پاکتاوی نەژادی کە پێکهاتە ڕەسەنەکانی سووریا دەکاتە ئامانج و زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دەرەنجامە کارەساتبارەکانی بۆ سەر کۆمەڵگەی سووریا.

جەختیش دەکەنەوە، ئەم تیرۆرە ڕێکخراوە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دەسەڵاتی ئەمری واقیعەوە لە کەناراوەکانی سووریا دەرکەوتووە و لەگەڵ ڕووداوەکانی 7ی ئادار و ئەو تاوانانەی بەرانبەر مەدەنییەکان کراون بەردەوامە و تا ئەمڕۆش نەوەستاوە، بەڵکوو پەرەی سەندووە و ناوچەی دیکەشی گرتووەتەوە. کۆتا دیمەنی ئەو تاوانە تیرۆریستییانە، بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەی کیندیبوو لە حوومس، کە قوربانییەکانی تەنیا هاووڵاتییانی مەدەنیی پێکهاتەی عەلەوی بوون، ئەمەش لە چوارچێوەی بەئامانجگرتنی سیستماتیکی ناسنامە و ئینتیمادا دەچێتە خانەی کردەوەی تیرۆریستیی تەواوەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەوان دەسەڵاتی ئەمری واقیع بە بەرپرسیاری تەواوی یاسایی، ئەخلاقی و مرۆیی دەزانین بەرانبەر بەم ڕێڕەوە خوێناوییە، چ بە کرداری ڕاستەوخۆ بێت یان بە کەمتەرخەمی و چاوپۆشیکردن. لەوەی لە کەناراوەکانی سووریا ڕوودەدات تا دەگاتە ئەو هەڵکشانە مەترسیدارەی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دەکاتە ئامانج، کە گەمارۆدان و پێشێلکاریی بەردەوامی تێدایە، وەک هەوڵێکی ئاشکرا بۆ دەرکردنی خوشک و برا کوردەکان و سەپاندنی واقعێکی دیمۆگرافیی زۆرەملێ، کە دەچێتە خانەی تاوانی پاکتاوی نەژادیی تەواوەوە.

دەشڵێت: هەڵکشانی تیرۆری ڕێکخراو و وتاری ڕق و کینە و بەردەوامیی دەربازبوون لە سزا، هەڕەشەیەکی بوونگەرایە بۆ سەر پێکهاتە ڕەسەنەکانی سووریا و وڵات دەخاتە سەر لێواری تەقینەوەیەکی ناوخۆیی گشتگیر، کە لێکەوتەکانی سنووری سووریا تێدەپەڕێنێت و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکات و دەبێتە هۆی داڕمانی ئەوەی لە پەیکەری کۆمەڵگەی سووریا ماوەتەوە.

ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا و مەهجەر باسی لەوەش کردووە، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمانەوە، ڕایدەگەیەنین کە بە تەواوی لەگەڵ خوشک و برا کوردەکانمان دەوەستین و ستایشی خۆڕاگری و هەڵوێست و ڕاگەیاندنی پاکتاوی گشتییان دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە. هەروەها جەخت لە هاوپشتیی نەگۆڕمان لەگەڵیان و لەگەڵ خوشک و برا درووزەکانمان دەکەینەوە. ئێمە باوەڕمان بە یەکڕیزیی گۆڕەپانەکان و بەرگریی ڕەوای ڕۆڵەکانی ئەم خاکەوە هەیە بۆ پاراستنی خۆیان و زەوییەکەیان، ئەمەش مافێکی ڕەوای ئێمە و هەموو پێکهاتەکانی سووریایە کە ڕووبەڕووی بەئامانجگرتن و چەوساندنەوە دەبنەوە. لایەنە چەکدارە توندڕەوەکان و ئەو دەسەڵاتەی ئەمری واقیع کە سەرۆکایەتییان دەکات، یان پاڵپشتییان دەکات و چاوپۆشی لە تاوانەکانیان دەکات، بە بەرپرسیار دەزانین.

ئەو ئەنجوومەنە بانگەوازێکی بەپەلە ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافپەروەرییەکان و بڕیار بەدەستان دەکەن و داوای دەستوەردانی نێودەوڵەتیی کارا و بەپەلە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی سەرتاسەری و دەستبەجێ لە هەموو خاکی سووریا بەبێ جیاوازی، دەستپێکردنی ڕێڕەوێکی سیاسیی تەوافقی کە بگاتە دەستوورێکی نیشتمانیی تەوافقیی لامەرکەزیی فیدراڵی، کە هەموو پێکهاتەکانی سووریا بەبێ پەراوێزخستن تیایدا بەشداربن، بە چاودێری و زەمانەتی نێودەوڵەتی کە هاوبەشیی یەکسان و یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا بپارێزێت و جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی 2254 و 2799.

سەرۆکایەتیی ڕۆحانیی درووز: هێرشکردنە سەر کورد هەوڵی کۆمەڵکوژییە و ئێمە پشتیوانیانین

سەرۆکایەتیی ڕۆحانیی مەزهەبی درووز (الموحدین) لە ڕاگەیەندراوێکدا، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ کورد دەربڕیوە و ڕاگەیاندووە، ئەم هێرشە بەربەرییە بەردەوامەی هێزەکانی حکوومەت لە دیمەشق و باندە تەکفیرییەکانی سەر بەوان بۆ سەر هاووڵاتییانی بێتاوانی کورد لە ناوچە ئازادەکانی حەلەب، ئیدانە دەکەین.

سەرۆکایەتیی درووز ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتێکی میدیایی ساختە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و هۆشداریدا لەوەی کە ئەم کردەوانە هەوڵێکن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی گواستراوە لەنێوان کەمینەکاندا، کە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە وڵاتانی جیهان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کراوە ڕۆڵی خۆیان ببینن لە ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر کەمینەکان و کۆتاییهێنان بەو دۆخە لەژێر چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتیی ڕۆحانیی درووز هەڵوێستی خۆی دووپات کردووەتەوە و دەڵێت: ئێمە لەگەڵ برا کوردەکانمان دەوەستین تاوەکو تەواوی مافە مێژوویی، جوگرافی و مرۆییەکانیان بەدەست دەهێنن.