پەیامی هاوخەمیی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی شێخ محەمەد ئیسحاق

سەرۆک بارزانی، لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی شێخ محەمەد ئیسحاق راگەیاند. هاوکات لە خوای گەورە داواکارە خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت.

پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، بۆ کۆچی دوایی شێخ محەممەد ئیسحاق فەیاز، مەرجەعی باڵای ئایینی، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز، کە یەکێک بوو لە گەورەترین مەرجەعە ئایینی و زانستییەکانی عێراق و جیهانی ئیسلامیمان پێگەیشت."

هاوکات دەڵێت: لە کاتێکدا کە زۆر خەمبارین بەم کۆستە گەورەیە، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵ و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی پێگەی بەرزی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی، بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و سەرجەم شوێنکەوتووانی دەکەین.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە کە خوالێخۆشبوو بخاتە بەر سێبەری رەحمەتی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت.

شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز یەکێک بوو لە مەرجەعە گەورە و دیارەکانی ئایینی لە شاری نەجەف و لە ساڵی 1930 لە وڵاتی ئەفغانستان لەدایک بووە. ئەمڕۆ لە تەمەنی 96 ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد.

 ئەم کەسایەتییە ئایینییە لە تەمەنی گەنجیدا رووی لە شاری نەجەف کردووە و لەوێ درێژەی بە خوێندن داوە، تاوەکوو بووەتە یەکێک لە چوار مەرجەعە باڵاکەی شاری نەجەف و خاوەنی پێگەیەکی گەورە بووە لە نێو پەیڕەوانیدا لە سەرتاسەری جیهاندا.

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی جەنابی ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز، کە یەکێک بوو لە گەورەترین مەرجەعە ئایینی و زانستییەکانی عێراق و جیهانی ئیسلامیمان پێگەیشت.

لە کاتێکدا کە زۆر خەمبارین بەم کۆستە گەورەیە، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵ و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی پێگەی بەرزی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی، بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو، سەرجەم شوێنکەوتووان و خۆشەویستانی دەکەین.

لە خودای گەورە و میهرەبان دەپاڕێینەوە کە خوالێخۆشبوو بخاتە بەر سێبەری رەحمەت و دلۆڤانیی فراوانی خۆی، بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و، سەبووری و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت.

إنا لله وإنا إلیه راجعون

مەسعود بارزانی
4ـی حوزەیرانی 2026