ترەمپ: شوباتی داهاتوو سەرۆکی کۆلۆمبیا سەردانی کۆشکی سپی دەکات

گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیا
گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوێنێ هەینی، ڕایگەیاند، گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیا، مانگی داهاتوو سەردانی کۆشکی سپی دەکات؛ هاوکات گەشبینی خۆی دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەربڕی.

شەممە، 10 کانوونی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەدت پرێس، بڵاوی کردەوە "دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، دۆناڵد ترەمپ، هەڕەشەی لە گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیا کردبوو، بەڵام دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە، بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەکتر کرد، وا دەردەکەوێت هەڵوێستی ترەمپ بە تەواوەتی گۆڕابێت."

سەرۆکی ئەمەریکا، لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ـی خۆیدا نووسیویەتی "بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی کۆبوونەوەم لەگەڵ گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیا، لە کۆشکی سپی لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتدا."

دۆناڵد ترەمپ، هەروەها نووسیویەتی "دڵنیام ئەمە بۆ کۆڵۆمبیا و ئەمەریکا زۆر باش دەبێت، بەڵام دەبێت ڕێگریی لە هاتنی کۆکایین و ماددە هۆشبەرەکانی دیکە بۆ ناو ویلایەتە یەکگرتووەکان، بکرێت"

 پێترۆ، کە یەکەم سەرۆکی چەپی کۆلۆمبیایە، مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، بە تۆمەتی هاوکارینەکردنی واشنتن بۆ ڕێگریی لە قاچاخچییەتی ماددە هۆشبەرەکان، سزای ئەمەریکای بەسەردا سەپێنرا.

سەرۆکی کۆلۆمبیا. ئەمساڵ پۆستەکەی جێ دەهێڵێت و ناتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەوە کاندید بکاتەوە، یەکێک بووە لەو سەرکردانەی کە زۆرترین ڕەخنەیان لە ترەمپ گرتووە، و ترەمپیش بە توندی وەڵامی داوەتەوە. 

دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، ئیدارەکەی بۆ ماوەیەکی کورت پێدانی ڤیزای بە کۆلۆمبییەکان ڕاگرت، چونکە پێترۆ دژایەتی ناردنەوەی کۆچبەرانی کۆلۆمبی لە لایەن ئەمەریکاوە دەکرد. 

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کە ڕەخنەگرێکی سەرسەختی چەپەکانی ئەمەریکای لاتینە، بەڕوونیی بێزاری خۆی لە پێترۆ ڕاگەیاندووە و بە کەسێکی 'سەرەڕۆ' ناوی بردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پێشتر گوتبووی "پێترۆ دەبێت ئاگای لە قسە و ڕەفتارەکانی بێت!"

ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی کۆلۆمبیا، ڕەخنەی لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکا، بۆ دەستگیرکردن و ڕفاندنی  نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، گرت.