وەزارەتی دارایی: داهاتی 10 مانگی عێراق 103 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و 90%ـی ھی نەوتە
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق ئاماری داهات و خەرجییەکانی وڵاتی بۆ 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، قەبارەی داهاتەکان لە بودجەی فیدراڵیدا 103 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و داهاتی نەوت بە ڕێژەی 90% کۆنترۆڵی بودجەی کردووە.
وردەکاریی ژمارەکان و داهات
بەگوێرەی ئەو خشتە و داتایانەی وەزارەتی دارایی بۆ 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 بڵاویکردۆتەوە:
1-کۆی گشتیی داهات، 103 ترلیۆن و 514 ملیار و 200 ملیۆن و 991 هەزار و 817 دینار بووە.
2-داهاتی نەوت، 93 ترلیۆن و 197 ملیار و 452 ملیۆن و 551 هەزار دینار بووە دەکاتە 90%ی کۆی داهات.
3-داهاتی نانەوتی، تەنیا 10 ترلیۆن و 316 ملیار و 748 ملیۆن و 440 هەزار دینار بووە.
خەرجییەکان و مووچە
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، وەزارەتی دارایی تیشکی خستۆتە سەر خەرجییەکان، کە کۆی گشتیی خەرجییەکان گەیشتووەتە 96 ترلیۆن و 378 ملیار و 257 ملیۆن و 473 هەزار دینار. وردەکارییەکەی بەم شێوەیەیە:
1-مووچەی فەرمانبەران 55 ترلیۆن دینار.
2-مووچەی خانەنشینان 15 ترلیۆن و 995 ملیار دینار.
3-مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی 4 ترلیۆن و 734 ملیار دینار.
هۆکار و مەترسییەکانی یەک سەرچاوەی دارایی
چاودێران هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی عێراق لە پشت بەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی بودجە، وڵات دەخاتە بەردەم مەترسیی قەیرانە جیهانییەکان و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت. ئەم دۆخە زۆرجار حکوومەت ناچار دەکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان پەنا بۆ قەرز (چ ناوخۆیی یان دەرەکی) ببات، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ لاوازی لە بەڕێوەبردنی دارایی و نەدۆزینەوەی چارەسەری بەدیل بۆ داهات.