ئافرەتانی سوودان؛ گەورەترین قوربانییانی شەڕی ناوخۆ
لەگەڵ هەڵگیرسانی ململانێی چەکداری لە سوودان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، ئەو وڵاتە گیرۆدەی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکان بووەتەوە. لە جەرگەی ئەم کارەساتەشدا، ئافرەتان، قوربانیی ڕاستەوخۆی برسییەتی، توندوتیژی، ئاوارەیی و داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتین.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئافرەتان و منداڵانی سوودان ئەو توێژانەن بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ڕاپۆرتەکانی "پۆلێنکردنی قۆناغبەندیی یەکگرتوو بۆ ئاسایشی خۆراک"ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (IPC ) پشتڕاستیان کردۆتەوە کە برسییەتی و قات و قڕییەکی ترسناک لە کەمپی "زەمزەم"ـی ئاوارەکان لە باکووری دارفور و چەندان ناوچەی دیکە، بڵاوبووەتەوە و ملیۆنان ئاوارەی ناوخۆیی دیکە لە لێواری برسییەتیدان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی بەرنامەی جیهانیی خۆراک (WFP) و ڕێکخراوی یونیسێف (UNICEF)زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار ئافرەتی دووگیان لە سوودان بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە گیرۆدەن؛ ئەمە تەنها ژیانی ئەو ئافرەتانە ناخاتە مەترسییەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی لەدایکبوونی منداڵانی کەمئەندام، یان لاواز، جگە لەوەش, ئەو منداڵانە لە داهاتوودا, ئاستی ژیرییان وەک پێویست نابێت و کێشەی تەندروستیان دەبێت.
ئافرەتانی ئاوارە و ئەوانەی لە کەمپەکاندا دەژین، ناچارن بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ منداڵ و مێردەکانیان، کەمتر خواردن بخۆن، ئەوەش تووشی لاوازی و بێهزییان دەکات و زۆرێک لەو ئافرەتانە، لە برسان دەبوورێنەوە یان گیانیان لەدەست دەدەن.
کێشەی هەرە گەورە ئەوەیە، زۆربەی ڕێکخراوە تەندروستییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەر نەبوونی توانای دابینکردنی سەلامەتیی کارمەندەکانیان، لەو ناوچانەدا کار ناکەن کە کێشە و ململانێیان تێدایە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO ڕایگەیاندووە نزیکەی %70 تا % 80 دامەزراوە و ڕێکخراوە تەندروستییەکان لەو ناوچانە کار ناکەن.
لە لایەکی دیکەوە، نەبوونی نەخۆشخانە، یان ناوەندێکی تەندروستی بۆ ئافرەتانی دووگیان تا لەکاتی منداڵبوونیاندا پەنای بۆ بەرن، ڕێژەی مردنی منداڵانی تازە لە دایکبوو و تەنانەت دایکەکانیشی بەرز کردووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ (ئەمنستی) و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، باس لە کارەساتی سامناکی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئافرەتان دەکەن؛ ئەوان، سەرباری برسییەتی و نەبوونی چاودێریی پزیشکی، لە لایەن چەکدارانەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە. ئەمەش کاریگەریی یەکجار خراپ دەکاتە سەر باری دەروونی جەستەیی ئەو ئافرەتانە.
بەرەنجامی شەڕی ناوخۆیی سوودان تەنها ململانێیەکی سەربازی نییە، بەڵکو شەڕە لەسەر جەستەی ئافرەتان. چونکە ئەوان تەنیا بە گولـلە و بۆمبا ناکوژرێن، بەڵکو بە بێدەنگی بەهۆی برسییەتی و بەدخۆراکی و نەبوونی چاودێریی تەندروستییەوە دەمرن.
دیمەنێکی ڕەشی شەڕی ناوخۆیی سوودان، ناچاریی ئافرەتانە بۆ پەنابردنە بەر لەشفرۆشی لە پێناو دابینکردنی پاروویەک نان بۆ خۆیان یان منداڵەکانیان؛ ئەمە کارەساتیکی مرۆڤایەتیی ناخهەژێنە.
ڕاپۆرتەکان، ئاماژە بە ڕاستییەکی تاڵ دەکەن؛ ئافرەتان یەکەم قوربانیی ڕاستەقینەی شەڕی ناوخۆیی سوودانن، ئەوان بەبێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێکیان لە هەڵگریساندنی ئەو شەڕەدا هەبێت، بوونەتە سووتەمەنی ئەو ئاگرەی تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنێت.