یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەدەچێت

بڕیارە سبەی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی سبەی دووشەممە، 12ی کانوونی دووەم، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی بەڕێوەدەچێت."

هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە لە بەرەی گەل، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە کوردستان24ی گوت: "دوای ئەوەی سبەی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، ئێمە وەک بەرەی گەل ئەگەر هەستمان بە دەستوەردانی سیاسی لە کەیسەکەدا کرد یان گومانمان لە پرۆسەکە هەبوو، داوا دەکەین دادگاییکردنەکە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر."

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد "تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی داوایان کردووە، دادگای پێداچوونەوە وردبینی لە دۆسییەکەدا بکات."

جێگای ئاماژەیە، لە 22ی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنی و سەربازی هێرشیان کردە سەر بارەگای سەرەکیی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لە هۆتێل لالەزار. لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

 دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە سەرکردە و کارگێڕانی بەرەی گەل دەستگیرکران. 

شایەنی باسە، لە 8ی تەمموزی 2021، بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دا. دواتر ئەوانەی دوورخرانەوە، دامەزراندنی بەرەی گەلیان ڕاگەیاند، کە لە 17ی کانوونی دووەمی 2024 مۆڵەتی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرت.