دەزگای خێرخوازیی بارزانی: لە هاوکاریی ئاوارەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بەردەوام دەبین
دەزگای خێرخوازیی بارزانی: زیاتر لە 90%ـی ئاوارەکانی حەلەب ڕوویان لە عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری کردووە
لە میانەی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی شاری حەلەب و دروستبوونی شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەبوون بەرەو پارێزگای عەفرین، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە نوێترین ڕاپۆرتی مەیدانی خۆیدا وردەکاریی دۆخی مرۆیی و چالاکییەکانی فریاگوزاری خستەڕوو.
بە پێی ڕاپۆرتی نووسینگەی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئەنجامی پێكدادانی چەکداری لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب و سوپای عەرەبیی سووریا لە هەردوو گەڕەکی (ئەشرەفییە و شێخ مەقسود) لە شاری حەلەب کە لە 6ـی کانوونی دووەمی 2026 دەستی پێکردووە و شەپۆلێکی ئاوارەبوون ڕوویداوە.
ئامارە فەرمییەکان کە پشت بە داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆمەڵایەتی حەلەب دەبەستن، دەریدەخەن کە تا کاتژمێر (11:29)ـی شەوی 8ـی کانوونی دووەمی 2026، ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە 27 هەزار و 750 خێزان، کە مەزەندە دەکرێت 138 هەزار و 750 کەس بن.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، دۆخەکە بەردەوامی هەبووە و تا کاتژمێر 10ـی شەوی 10ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 2000 خێزانی دیکە ماڵەکانیان جێهێشتووە. هەورەها زیاتر لە 90%ـی ئەم ئاوارانە ڕوویان لە شاری عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری کردووە.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەردوو ڕۆژی 9 و 10ـی کانوونی دووەمی 2026، هەڵمەتێکی چڕیان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەست پێکرد و کۆی گشتی پێنج هەزار و 573 کەس سوودمەند بوون، بەم شێوەیەکی خوارەوە:
ژەمی خواردنی گەرم: دابەشکردنی چوار هەزار و 868 ژەمەخۆراک کە پێکهاتبوو لە (برنج، نۆک، گۆشت، نان و نیسک).
ناخۆراک: دابینکردنی پێداویستی بۆ 436 کەس کە بریتی بوون لە (بەتانی، دۆشەک، پەڕۆی پلاستیکی و سێتی چێشتخانە).
تەندروستی: پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی و دەرمان بۆ 178 نەخۆش، کە دەرمانەکانی وەک (کۆنترا کۆڵ، برۆسپان، پرۆفین، پاراسیتۆڵ، دژە بەکتریا و تەواوکەرە خۆراکییەکان)ـیان لەخۆ گرتبوو.
پشتیوانی دەروونی: ئەنجامدانی چالاکی تایبەتی تەرفیهی بۆ 91 منداڵ بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارە دەروونییەکان.
مەترسییەکان و ئالنگارییەکانی زستان
ڕاپۆرتەکە هۆشداری توند دەدات لە دۆخی "زستانی سەخت"، ب ەتایبەت کە ئاوارەکان، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوون، ڕوویان لە ناوچە شاخاوییەکان کردووە و بەفرێکی زۆر باریوە.
خاڵە لاوازەکان و نیگەرانییە سەرەکییەکان بریتین لە:
کەمیی پەناگە و پێداویستی گەرمکەرەوە.
مەترسی تەندروستی بەهۆی سەرماوە.
دۆخی خراپی دەروونی منداڵان و ئافرەتان.
قەیرانی نیشتەجێبوون لە عەفرین، کە بە تەنیا میوانداری زیاتر لە 22 هەزار خێزانی کردووە و فشارێکی زۆری لەسەر ژێرخانی ناوچەکە دروست کردووە.
پلان و ستراتیژی داهاتوو
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی فریاگوزاری، پلانی ڕۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2026ـی بەم شێوەیە داڕشتووە:
بەرزکردنەوەی توانای دابینکردنی خۆراکی گەرم بۆ (3000) ژەم لە ڕۆژێکدا.
ناردنی تیمە پزیشکییە گەڕۆکەکان بۆ کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان و پشتیوانی بنکە تەندروستییەکانی گوندەکان.
ئامادەکردنی کۆگایەکی ستراتیژی بۆ خۆراک و پێداویستی پاککردنەوە بۆ 2000 خێزان.