گرووپێكی شیعە بەرپرسیارییەتی خۆی دەربڕی لە بە ئامانجكردنی كاروانێكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی
گرووپەكە رایگەیاند ئاگربەست تەواو بوو

K24 – ھەولێر:
گرووپی سریەی "قاصم الجبارین" بەرپرسیارییەتی خۆی دەربڕی لە بەئامانجكردنی كاروانێكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سەماوە و باشووری بەغدا روویدا.
گرووپی سریەی "قاصم الجبارین" لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "ئارام نەما و ئاگربەست تەواو و دەستكرایەوە بە ئامانجكردنی ھێزەكانی داگیركەر".
ئەو تەقینەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئۆتۆمبێلێكی سەر بە ھێزەكانی نێودەوڵەتی لە عێراق كردە ئامانج، دووەم رووداوی لەم جۆرەیە لە كەمتر لە (24) كاتژمێردا.
سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند، "تەقینەوەكە بە رێگای دوو بۆمبی چێنراوەوە ئەنجامدراوە و كاروانێكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە سەر رێگای خێرای موسەننا لە باشووری عێراق كردووەتە ئامانج".
گوتیشی: "رووداوەكە تەنھا بووە ھۆی بەركەوتنی ھەندێك زیانی ماددی بە یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكان".
لە (11ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبهری 2020)ەوە، گرووپە چەكدارەكانی شیعە ئاگربەستێكیان راگەیاند بۆ بەئامانج نەكردنی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، وەك دەرفەتدان بۆ كشانەوەی تەواوی ھێزەكان لە عێراق و بە تایبەتی ئەمەریكا.
لە چەند مانگی رابردوودا، كاروانەكانی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەوانەی كەرستەی لۆجیستییان دەگواستەوە بە مووشەك بۆردومان دەكران یان بە بۆمبی چێنراو ھێرش دەكرایە سەریان. لەگەڵ ئەمەشدا بە ئامانجكردنی ناوچەی سەوز بە كاتیۆشا زیادی كردبوو، كە بارەگاكانی حكومەت و نێردەی باڵیۆزخانەكانی بیانی لە خۆ دەگرێت لە بەغدا، جگە لە بنكەكانی سەربازی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.