عێراق بە ڕێژەی 89% پشتی بە داهاتی نەوتی بەستووە

مەترسی داڕمانی ئابووریی عێراق، بووەتە ترس و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر چارەنووسی ئەم وڵاتە، بۆیە پەرلەمانی عێراق دەیەوێت لە دەستپێکی کۆبوونەوەکانی یاسادانان پرسی داهاتە نانەوتییەکانی وڵات تاوتوێ بکات و سەرچاوەکانی داهات فراوان بکات.

لەمبارەیەوە ئیبراهیم سەراج، شرۆڤەکارێکی ئابووری بۆ کوردستان24، دەڵێت،" ساڵانە داهاتی نانەوتی عێراق زیاتر لە هەشت ترلیۆن دینارە، بەڵام کەمترین ڕێژە لەو پارەیە دەگەڕیتەوە خەزێنەی حکوومەت و لە گەندەڵیدا بەهەدەر دەدرێت".

شرۆڤەکارە ئابوورییەکە گوتیشی "حکوومەت ناتوانێت کۆنتڕۆڵی داهاتی نانەوتی بکات، ئەمە لە کاتێکدایە بڕی داهاتەکە زیاتر لە هەشت ترلیۆن دیناری ساڵانەیە، ئەم بابەتە پەیوەستە بە گەندەڵییەوە، چونکە لە نێوان حزبەکاندا دابەش دەکرێت، بەمەش کەمتر لە 10%ـی داهاتەکە دەگەڕیتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت". 

حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2025، بە ڕێژەی 89% پشتی بە داهاتی نەوتی و 11% داهاتی نانەوتی بەستبوو، بۆ ساڵی 2026 لە ئێستاوە سەرقاڵی داڕشتنەوەی پلانی ئابوورییە، چونکە بانکی نێودەوڵەتیی ئەمەریکا هۆشداریداوە بە عێراق ئەگەر بە ڕێژەی 26% پشت بە داهاتی نانەوتی نەبەستن ئەوە دان بە بودجەی گشتی عێرقدا نانێن. 

هەروەها غالب فازڵی، کە وەبەرهێنەرە دەڵێت "بە هۆکاری گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل، کۆمپانیا بیانییەکان ناتوانن لە عێراق وەبەرهێنان بکەن، بۆیە ئەستەمە بتوانرێت بە ئاسانی داهاتی دەوڵەت فرەچەشن بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە،"داهاتی نەوت تەنیا بەشی پێدانی مووچە دەکات چونکە داهاتی دیکە کەمە و وەبەرهێنانیش لاوازە، بەشێکیش لە کۆمپانیاکانی ناوخۆ لە کارکردن وەستاون و کۆمپانیا دەرەکییەکانیش نایەنە عێراق چونکە داوای بەرتیل و پشکیان لێدەکرێت".

کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و تەنانەت بازرگانی گشتی و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و گەشتیاری لە عێراق، بە دۆزێکی سەختدا تێدەپەڕێت، ئەمەش ناسەقامگیری دروست کردووە، بۆیە داوادەکرێت حکوومەتی نوێ بە دیدگایەکی ڕوون و شەفاف هەوڵ بدات باری لاری عێراق ڕاست بکاتەوە.