کەشناسی: ئەگەری بەفربارین لە ناوەندی سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک هەیە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەپۆلێکی دیکەی لێزمە باران و بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی ئێوارەی سبەی دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، کاریگەریی شەپۆلەکە دەست پێ دەکات و بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە کۆتایی پێدێت، لەو دوو ڕۆژەدا، ئەو ناوچانەی بەرزیان لە هەزار مەتر لە ڕووی دەریاوە زیاترە، بەفر دەبارێت، هەروەها ئەگەر هەیە ڕۆژی چوارشەممە بەفربارین لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک ببارێت.
سەبارەت بە باران، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی ئاماژەی داوە، لە ماوەی کاریگەریی شەپۆلەکە نمە باران بەردەوام دەبێت و هەندێک کات بۆ لێزمە باران دەگۆڕێت، بە تایبەت لە سنووری هەر دوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ڕاپەڕین. هەروەها لەگەڵ باران، هەندێک کات هەورە بروسکە دەبێت و خێرای با لە سێشەممە زیاد دەکات بۆ سەروی 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
هەر بەگوێرەی پێشبینییەکان، ڕۆژی چوارشەممە پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە.