سەرۆک وەزیرانی دانیمارک: لەبەردەم ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەداین

سەرۆک وەزیرانی دانیمارک وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرینلاند و ڕایدەگەیەنێت، ململانێ لە ئارادایە و سوید و ئەڵمانیاش پشتیوانیی کۆپنهاگن دەکەن.

یەکشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2026، مێتە فرێدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەبەردەم ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوە دایە لەو شەڕە دیپلۆماسییەی لەسەر گرینلاند دروست بووە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێکی دیکە باسی لە بەکارهێنانی هێز کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو هەرێمەی جەمسەری باکوور.

فرێدریکسن بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی دووشەممە لە واشنتن، کە تەرخان کراوە بۆ کێبڕکێی جیهانی لەسەر کەرەستە خامەکان، لە دیبەیتێکدا لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی دیکەی دانیمارک گوتی: ململانێیەک لەسەر گرینلاند هەیە و دۆخەکە یەکلاکەرەوەیە، مەترسییەکانیش لە داهاتووی گرینلاند گەورەترن.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی دانیمارک، لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیویەتی: ئێمە ئامادەین بەرگری لە بەهاکانمان بکەین لە هەر شوێنێک پێویست بێت، تەنانەت لە جەمسەری باکووریش. ئێمە باوەڕمان بە یاسای نێودەوڵەتی و مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، هەریەک لە ئەڵمانیا و سوید پشتیوانیی خۆیان بۆ دانیمارک پیشان دا. ئولف کریستەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید ئیدانەی لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی ئەمەریکای کرد.

هاوکات کریستەرسۆن لە کۆنفرانسێکی بەرگریدا لە سالێن، کە فەرماندەی ناتۆش تێیدا بەشدار بوو، ئاماژەی بەوە کرد، سوید، وڵاتانی باکوور و بەڵتیک و وڵاتە گەورەکانی ئەورووپا لەگەڵ دۆستە دانیمارکییەکانمان دەوەستنەوە. هۆشداریشی دا لەوەی دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند لەلایەن ئەمەریکاوە، کە دەوڵەمەندە بە کانزا، "پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتییە و هانی وڵاتانی دیکەش دەدات هەمان ڕەفتار بکەن.