وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق داوا لە هاووڵاتیان دەکات پابەندبن بە قەدەغەی ڕاوەماسی

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، داوا لەهاووڵاتیان دەکەین پابەند بن بە کاتی قەدەغەی ڕاوەماسی لە وەرزی زاوزێیاندا، بەمەش دەمانەوێت دڵنیا بین لە بەردەوامی و زیادکردنی سامانی ماسی و دووربوون لە مەترسی کەمبوونەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە ڕێگەی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵییەوە داوای لە سەرجەم ماسیگرەکان کردووە پابەند بن بە قەدەغەی ڕاوکردنی ماسی لە وەرزی زاوزێدا، جەختیشی کردەوە، ئەم ڕێوشوێنە ڕێگە دەدات ماسیەکان دەست بەزاوزێ بکەنەوە، هەروەها دڵنیایی دەدات لە پاراستنی سامانی ماسی وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ نەوەکانی داهاتوو.

وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونیشی کردەوە، پابەندبوون بە ماوەی قەدەغەی ماسیگرتن ڕاستەوخۆ بەشدارە لە پاراستنی سامانی ماسی و پشتگیریکردنی ئاسایشی خۆراک و بەدەستهێنانی هاوسەنگی ژینگەیی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نیشتمانییە کە پێویستی بە هۆشیاری و هاوکاری هەموو لایەک هەیە بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی ڕێکارەکە بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات و پەرە بە سەرچاوە نیشتمانییەکان بدات.

هاوکات ساڵانە قەدەغەی ڕاوە ماسی لەشارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی شوبات دەست پێدەکات، هەروەها لەناوەڕاستی مانگی ئاداریش لە شارەکانی کەرکووک و نەینەوا دەست پێدەکات و تاوەکوو مانگی تەممووز بەردەوام دەبێت.