ئیسرائیل کۆنترۆڵی زیاتر لە 1,800 کم دووجای خاکی سووریای کردووە
دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچە سنوورییەکان فراوانتر کردووە. ئێستا کۆنترۆڵی زیاتر لە 1,800 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سووریای کردووە.
ئەم ناوچانە بەرزاییەکانی جۆلان و بەشێک لە پارێزگاکانی قونەیتەرە، دەرعا و سوەیدا دەگرنەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچانە، وەک ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل باسی دەکەن، دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەنی سنوورەکان و گۆڕینی هاوکێشەی ستراتیژییە لە ناوچەکەدا.
گۆڕانکارییەکان دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا لە کۆتایی ساڵی 2024 دەستیان پێکرد. سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی "تیری باشان" ئەنجامدا. لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی چوونە ناو ناوچەی بێچەکی نێوان سووریا و بەرزاییەکانی جۆلان.
ئەم جووڵە سەربازییە بووە هۆی کۆنترۆڵکردنی شاری قونەیتەرە و لوتکەی چیای شێخ (جەبەل شێخ) لەلایەنی سووریاوە. ئەمە یەکەمجار بوو لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل بە فەرمی سنووری ئاگربەستی ساڵی 1974 ببەزێنن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لەوە کردووەتەوە، "ڕێککەوتنی ئاگربەستی 1974 بەهۆی ڕووخانی سوپای سووریاوە کۆتایی هاتووە. کۆنترۆڵی کاتیی ناوچەکە بۆ دڵنیابوونە لەوەی هیچ هێزێکی دوژمنکار لە نزیک سنووری ئیسرائیل جێگیر نابێت."
لەم دواییانەدا و بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، گفتوگۆی دیپلۆماسی لەنێوان ئیسرائیل و حکوومەتی نوێی سووریا لە پاریس دەستیپێکردووە. ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری نیشانداوە، بەڵام دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکانی بە هێڵی سوور دادەنێت.
ئیسرائیل داواکارییەکانی خۆی لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا چڕکردووەتەوە:
- فراوانکردنی ناوچەی بێچەک: ئیسرائیل داوای فراوانکردنی ناوچەی بێچەک لە نێوان دیمەشق و بەرزاییەکانی جۆلان دەکات، بۆ دوورخستنەوەی هەر مەترسییەکی سەربازی.
- مانەوەی هێزەکان: یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکان مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لە بەرزاییەکانی جۆلان و ئەو بەشانەی قونەیتەرە کە کۆنترۆڵی کردوون، بەتایبەتی لوتکەی ستراتیژیی چیای شێخ.
- پاراستنی درووزەکان: ئیسرائیل جەخت لەسەر پاراستنی کۆمەڵگەی درووز لە پارێزگای سوەیدا دەکاتەوە. ئەمەی وەک یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق داناوە.
- بێچەککردنی قونەیتەرە و دەرعا: ئیسرائیل داوا دەکات پارێزگای قونەیتەرە بە تەواوی لە چەکی قورس خاڵی بکرێتەوە. هەروەها مەرجی داناوە تەنیا بوونی چەکی سووک لە پارێزگای دەرعا ڕێگەپێدراو بێت.
- ناوچەی دژە فڕین: ئیسرائیل داوای ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لە پارێزگای سوەیدا دەکات. ئەم هەنگاوە ئازادیی زیاتری پێدەبەخشێت بۆ چاودێریکردن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی.