تره‌مپ: ئێران داوای دانوستانی كردووه‌

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، ئێرانی داوای دانوستانی لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن کردووە. خامنەییش دەڵێت "باشترە ترەمپ کاروباری وڵاتەکەی بەڕێوەببات."

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران و ڕێبەرەکەی، عەلی خامنەیی، ئارەزووی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دەکەن. 

ترەمپ ئاشکرایکرد، دانیشتنێک لەسەر داوای تاران ڕێکخراوە و ئەنجام دەدرێت. هاوکات ئاماژەی بەوەش دا، ڕەنگە ئەمەریکا پێش دانیشتنەکە هەنگاوی دیکە بنێت بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێت. 

لە بەرانبەردا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، وەڵامی ترەمپی دایەوە و گوتی باشترە ناوبراو کارووباری وڵاتی خۆی بەڕێوەببات.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی بەریتانیای لە تاران بانگهێشت کرد. بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، هۆکاری بانگهێشتکردنەکە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بووە بەرامبەر خۆپیشاندانی ئێرانییانی دانیشتووی لەندەن لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لەو شارە.

 لەو خۆپیشاندانەدا ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە باڵیۆزخانەکە هێنرایە خوارەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناڕەزایەتیی توندی خۆی بە هۆگۆ شۆرتەر، باڵیۆزی بەریتانیا، ڕاگەیاندووە و داوای کردووە پارێزگاری لە باڵیۆزخانەکەیان لە لەندەن بکرێت.