یەمەن لە نێوان گرەوی دەریای سوور و چەقبەستنی نەخشەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا
دیمەنی سیاسیی یەمەن ئێستا لە دۆخێکی ئاڵۆزی 'نە ئاشتی و نە جەنگ'دایە، وڵاتەکە بەهۆی ململانێی ساڵانێکی درێژەوە شەکەت بووە و لەسەر لێوارێکی هەستیاری نێوان ئاگربەستێکی لاواز و ئەگەری خزانە نێو شەڕێکی گشتگیرەوە مۆلەق بووە. گرژییە ناوخۆییەکان و بەرەنجامی دەستوەردانە هەرێمییەکانیش دۆسییەی وڵاتەکەیان کردووە بە جێبایەخی سیاسەتی نێو دەوڵەتی، بەڵام لە گۆشەنیگایەکەی ئەمنیی تەواوەوە، نەک وەکوو بابەتێکی مرۆڤایەتی و تەنانەت سیاسیش.
پەککەوتنی نەخشەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان
چەقبەستنی دۆخی سیاسیی ئێستای یەمەن، پەیوەستە بە پەککەوتنی ئەو نەخشەڕێگەیەی کە هانس گرۆندبێرگ، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 ڕایگەیاند. ئەم نەخشەڕێگەیە، کە بە نێوەندگیرییەکی چڕی سعوودیە و عومان پشتیوانی دەکرا، ئامانجی چارەکردنی دۆسیە مرۆییە بەپەلەکان بوو وەک پێدانی مووچەی فەرمانبەران، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و کردنەوەی ڕێگەکان و فڕۆکەخانەکان ئەمەش وەک سەرەتایەک بۆ دانوستانێکی سیاسیی گشتگیر. بەڵام سەرچاوە سیاسییە ئاگەدارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پیادەکردنی کۆتایی ئەم ڕێککەوتنە بە کردەوە 'سڕ کراوە'.
چاودێرانی سیاسی، لایانوایە، هۆی سەرەکی سڕکردنی ئەو نەخشەڕێگەیە، مەرجی ویلایەتە یەگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بوو بەوەی کە دەبێت حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ڕابگرن. حکوومەتی شەرعی یەمەنیش، بەوە ڕازی نەدەبوو نەخشەڕێگەیەک جێبەجێ بکرێت کە دەستکەوتی ئابووری بە حووسییەکان ببەخشێت و ئەوانیش بەردەوام بن لە هەڕەشە و پەلاماردانی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە دەریای سووردا و لەهەمان کاتدا توانا سەربازییەکانیان پێش بخەن.
لێکەوتەکانی قەیرانی دەریای سوور
هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، بە بیانووی پشتیوانییان بۆ خەڵکی غەززە و فەڵەستین، خاڵێکی وەرچەرخانی ڕیشەیی بوو لە دۆخی سیاسیی یەمەندا. ئەمەش بووە هۆی بە سەربازیکردنی دەریای سوور و پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەک 'پاسەوانی خۆشگوزەرانی' و دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانیی ئەمەریکی-بەریتانی بۆ سەر پێگە سەربازیی و ژێرخانە ئابوورییەکانی حووسییەکان لە سەنعا و حودەیدە و تەعز.
بە گوتەی چاودێران، ئەم هەڵکشانە کارتەکانی تێکەڵ کردووەتەوە؛ لەبری ئەوەی تەرکیزەکە لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوخۆیی بێت، یەمەن بووە بە گۆڕەپانی ململانێیەکی نێودەوڵەتی. ئەم دۆخە، دەرفەتی دا بە حووسییەکان تا بەرەی ناوخۆییان لەژێر دروشمی 'ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل' یەک بخەن، لەکاتێکدا حکوومەتی شەرعیی خستە دۆخێکی ناهەموارەوە، لە لایەکەوە گیرۆدەی قەیرانێکی ئابووریی سەخت بووەتەوە و لە لایەکی دیکەوە لەوە دەترسێت بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی لێکگەیشتنە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان.
حکوومەتی شەرعی و ئاڵنگارییە ئابوورییەکان
حووسییەکان، بە بۆمبارانی بەندەرەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتە شەرعییەکەی یەمەن، ڕێگریی لەهەناردەکردنی نەوت دەکەن کارێکیان کردووە کە خەزێنەی دەوڵەتە دانپێدانراوەکە، نزیکەی 70%ی سەرچاوەکانی لەدەست بدات؛ ئەمەش بووەتە هۆی هەرەسهێنانێکی مێژوویی لە بەهای دراوی ناوخۆیی 'ڕیاڵ' لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەت و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەتایبەتی کارەبا، کە تووڕەییەکی جەماوەریی فراوانی لە عەدەن و پارێزگاکانی باشوور لێ کەوتووەتەوە.
سەرەڕای پشتیوانیی دارایی سعوودیە بۆ بانکى ناوەندیی ئەو حکوومەتە، بەڵام ئەوە تەنیا وەک ئازارشکێنکە، چونکە هێشتا چارەیەکی سیاسیی بەردەوام کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت مسۆگەر بکات، لە ئارادا نییە.
دۆخی مرۆیی و دەرئەنجامەکانی داهاتوو
لە ڕووی مرۆییەوە، ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لەوەی بەردەوامیی چەقبەستنی سیاسیی یەمەن، قەیرانی بژێوی دانیشتووانەکەی قوڵتر و سەختتتر دەکاتەوە، چونکە ملیۆنان خێزانی یەمەنی بە تەواوی پشت بەو هاوکارییانە دەبەستن کە ئێستا بەهۆی کەمیی هاوکاریی نێودەوڵەتی و سەختیی گەیشتن بە ناوچەکانی ململانێ، کەم بوونەتەوە.
لە کۆتاییدا، ئاسۆی سیاسی لە یەمەن ناڕوونە؛ چونکە حووسییەکان ڕاگرتنی گرژییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەبەستنەوە بە ڕاگرتنی جەنگ لە غەززە، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئاشتی لە یەمەن دەبەستێتەوە بە ڕاگرتنی هەڕەشەی حووسییەکان بۆ سەر کەشتیوانیی نێو دەوڵەتی لە دەریای سوور. لە نێوان ئەم دوو مەرجەدا، یەمەنییەکان لەناو ئاگربەستێکی ناسەقامگیر و لاوازدا گیریان خواردووە؛ کە ڕەنگە لە هەر ساتێکدا هەرەس بهێنێت، ئەگەر هەر یەکێک لە لایەنەکان بۆ دەرچوون لەو دۆخە چەقبەستووە، بڕیاری گەڕانەوە بۆ بژاردەی سەربازی بدات!