ڕاپۆرتی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا دەچێتە قۆناغی کۆتاییەوە

سبەی سێشەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2026، تیمی نووسینەوەی ڕاپۆرتی پرۆسەی ئاشتی بۆ دووەم جار کۆدەبێتەوە. 

کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاشتی بەڕێوەدەچێت.

فاتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە، ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی پرۆسەی ئاشتییە. 

ئەمە دوای ئەوە دێت کۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کارەکانی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژکردەوە. 

بڕیارە لەو ماوەیەدا ڕاپۆرتە پێشکەشکراوەکانی پارتە سیاسییەکان لەبارەی چارەسەرییەوە، لەلایەن تیمی نووسینەوە تاوتوێ بکرێن و ڕاپۆرتێکی گشتگیر ئامادە بکرێت. ڕاپۆرتە کۆتاییەکە ڕێکخستنی یاساییش لەخۆدەگرێت.

تیمی نووسینەوەکە نوێنەرانی ئاکپارتی، جەهەپە، دەم پارتی، مەهەپە و یەنی یۆڵ لەخۆدەگرێت، هەر پارتێک بە ئەندامێک بەشدارە.

پرۆسەی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا زیاتر لە ساڵێکە دەستیپێکردووە. دوای بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بە ناوی "کۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێنرا. 

ئەم کۆمیسیۆنە لە 5ی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئامانجی کۆمیسیۆنەکە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی و یاساییە بۆ پرسی کورد و ئامادەکردنی بنەمای یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی.