شادمان مەلا حەسەن: ستەم لە لاهور شێخ جەنگی کراوە و پەنا بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەولێر دەبەین

سەرکردەیەکی بەرەی گەل دەڵێت "متمانەمان بە دادگای پێداچوونەوەی هەولێر هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی". 

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە 'بەرەی گەل' بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە لە هەولێر دەکرێت. ناوبراو ئەم دۆسیەی بە "ستەمێکی گەورە" و "تاوان" بەرامبەر بە هاوڕێکانیان وەسف کرد کە بە شێوەیەکی "نایاسایی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە."

بە گوتەی شادمان مەلا حەسەن، "کەیسەکە لە بنەڕەتدا بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ هیچ پاساوێک دەستی پێکرد، کاتێک هێزێکی میلیشیایی گەمارۆی ماڵی کەسێکیان دا کە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش، پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی کوردستان و سەرۆکی قەوارەیەکی سیاسییە." ئەو جەختی لەوە کردەوە، ماددەی یاسایی کە بۆ تاوانبارکردنیان بەکارهاتووە، پەیوەندی بەو تۆمەتانەوە نییە کە خراونەتە پاڵیان.

سەرکردەکەی 'بەرەی گەل' ئاماژەی بەوەدا، "ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای پێداچوونەوە لە هەولێر کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ وردبینی و دەرکردنی بڕیاری کۆتایی. پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی داوایان کردووە دۆسییەکە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە بکرێت، چونکە گومانیان لە ڕێڕەوی دادگاییکردنەکە هەبووە و ترسیان لە دەستێوەردان و فشاری سیاسی هەبووە."

مەلا حەسەن ڕوونیکردەوە "سرووشتی ڕووداوەکە وا دەخوازێت کە پەنا بۆ ڕێڕەوێکی دادوەری بێلایەن ببرێت، باشترین ڕێڕەویش دادگای پێداچوونەوەە." ئەو دڵنیایی دایە لایەنگرانیان، دادگاکە، دادگایەکی پیشەییە و بەپێی بەڵگە و ماددە یاساییەکان بڕیار دەدات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی دۆسیەکە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە، شادمان مەلا حەسەن گوتی: "غەدرێکی زۆر زۆر گەورە کراوە. تۆ ناتوانیت لەخۆوە کەسێک تاوانبار بکەیت بە ویستی تیرۆرکردن بەبێ بەڵگە و دیکۆمێنت."

ناوبراو ڕەخنەی لە شێوازی دەستگیرکردنەکە گرت و گوتی کە بەپێی یاسا دەبوو لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک ئەنجوومەنی ئاسایشەوە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکرایە، نەک بە جوڵاندنی هێزێکی چەکداری گەورە.

لە کۆتاییدا، شادمان مەلا حەسەن ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر دادگای پێداچوونەوە بەڵگەی پێویستی لە دۆسیەکەدا نەبینییەوە، ئەوا بە تەواوەتی دادەخرێت. بەڵام هۆشداریشی دا کە پرۆسەکە لەوانەیە بکەوێتە ژێر "حەزی سوڵتانی" و کاریگەری سیاسی، کە بووەتە هۆی دواکەوتنی کەیسەکە بۆ ماوەی چوار مانگ.

لە 22ی ئابی 2025، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لەگەڵ براکەی و ژمارەیەک لە لایەنگرانی دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە سلێمانی دەستگیرکران. بڕیارە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنەکە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەبچێت، هەرچەندە تیمی پارێزەرانی داوایان کردووە دۆسیەکە لە دادگای پێداچوونەوە وردبینی تێدا بکرێت.