خەزێنەکانی ڕووسیا پڕن، خاوەنی یەدەگێکی خەیاڵی نەوت و غاز و زێڕە

ئۆلێگ کازاکۆڤ، سەرۆکی ئاژانسی فیدراڵی ڕووسیا بۆ بۆ سامانی سروشتی "رۆسنێدرا"، ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی خاوەنی بڕێکی یەکجار گەورەی یەدەگی نەوت و غازە کە بەتەواوی ئامادەن بۆ قۆناغی دەرهێنان و خستنەبازاڕەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "نۆڤۆستی"، کازاکۆڤ گوتی: داتا سەرەتاییەکان دەرخەری گەشەیەکی بەرچاون لە یەدەگی نەوتی ڕووسیادا بە بڕی 666 ملیۆن تۆن، جەختیشی کردەوە، لەو بڕە، 490 ملیۆن تۆنیان لە جۆری پیشەسازی (ABC1)ن، واتە ئەو نەوتەی کە بەتەواوی ئامادەیە بۆ پرۆسەی دەرهێنان و پەرەپێدان.

گەشەی کەرتی غاز
سەبارەت بە یەدەگی غازی سروشتی، بەرپرسەکەی ڕووسیا ئاماژەی بەوە دا، گەشەی سەرەتایی بە 679 ملیار مەتر سێجا دەخەمڵێندرێت. لەو ژمارەیەش، 650 ملیار مەتر سێجایان لە قۆناغێکدایە کە ئامادەیە بۆ دەرهێنان، ئەمەش پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ پێگەی ڕووسیا لە بازاڕی وزەی جیهانیدا.

زێڕ و کانزا بەنرخەکان
تەنیا نەوت و غاز نین، بەڵکو ڕووسیا لە نوێکردنەوەی یەدەگی کانزا بەنرخەکانیشدا پێشوەچوونی بەدەست هێناوە، بەپێی گوتەی کازاکۆڤ، ڕێژەی زیادکردنی یەدەگی زێڕ و زیو لە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ساڵانە زیاترە.
لە نوێترین ئاماریشدا، 542 تۆن بۆ یەدەگی زێڕ و 4.4 هەزار تۆن بۆ یەدەگی زیوی ڕووسیا زیاد بووە.